لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵمپیك لە بیرۆكەی سازكردنی جامی جیهانیی دوو ساڵ جارێك نیگەرانە

وەرزش

18/10/2021     ژمارەی بینراو 72

راچڵەكین-

لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵمپیك، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی كە رێكخستنی هەر دوو ساڵ جارێك جامی جیهانیی فیفا لە بری چوار ساڵ جارێك، پەرەپێدانی لقەكانی دەرەوەی تۆپی پێ لاواز بكات.

لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵمپیك-ەوە بڵاوكراوەتەوە، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە بە هەمواركردنی وادەی یاریی لەسەر ئاستی تیمە نیشتیمانییەكان دوودڵی جددی دروست كردووە لە بارەی پلانی یاریی تۆپی پێی جیهانیی یان كیشوەریی هەموو هاوینێك.

لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵمپیك باسی لەوە كرد كە پێویستە بابەتەكە بە شێوەیەكی فراوان لەگەڵ یاریزانانی تۆپی پێ، فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەكانی وەرزشی و نوێنەرانی وەرزشكاران راوێژ بكرێت و رایگەیاند: ''سازكردنی جامی جیهانیی لە هەر دوو ساڵ جارێكدا، دەبێتە هۆی ناكۆكی لەگەڵ رێكخراوە گەورەكانی وەرزشی نێودەوڵەتیی. ئەوەیش هەمەجۆری و پێشكەوتنی وەرزشەكانی دیكەی دەرەوەی تۆپی پێ لاواز دەكات. زیادبوونی چالاكییەكانی پیاوان دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ ناساندنی تۆپی پێی خانمان، هەروەها چڕی وادەكان گوشاری زیاتر دەخاتە سەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی یاریزانەكان''.

چاوەڕوان دەكرێت ئەو پێشنیازەی سەرۆكی گەشەپێدانی تۆپی پێی جیهانیی فیفا، ئارسین وینگەر خستوویەتەڕوو بۆ گۆڕینی خشتەی یاریی نێودەوڵەتیی لە تۆپی پێی پیاوان و خانماندا لە مانگی كانوونی یەكەمدا لەلایەن فیدراسیۆنانی ئەندامەوە دەنگی لەسەر بدرێت.

یارییەكانی جامی جیهانیی تۆپی پێ بۆ پیاوان لە ساڵی ١٩٣٠ەوە (بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ١٩٤٢ و ١٩٤٦دا هەڵوەشێندرایەوە) بۆ خانمانیش لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا هەر چوار ساڵ جارێك بەڕێوەدەچن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن