"یەك بەفر لە پێنجوێن ببارێت نرخی یەك لیتر بەنزین دەگاتە زیاتر لە هەزار دینار"

چاوپێکەوتن

25/10/2021     ژمارەی بینراو 477

راچڵەكین-

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەگەر حكومەت پلانی جدی نەبێت ئەوا هەر یەك بەفر لە پێنجوێن ببارێت نرخی یەك لیتر بەنزین دەگاتە زیاتر لە هەزار دینار، بەدوایدا نرخی غاز و نەوت و خۆراك و پێداویستی ڕۆژانەش زیاتر بەرزدەبێتەوە.

بەرزان شێخ محەمەد، لەبارەی كێشەی سووتەمەنی لەهەرێمی كوردستان بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" بەداخەوە تا ئێستا حكومەت خۆی جدی نەبووە ئەگەرنا ئەو پارەیەی بۆ كڕینی سوتەمەنی لەدەرەوە بەكاریدەهێنێت دەتوانێت لە دروستكردنی پاڵاوتگەی ناوخۆ بەكاریبهێنێت كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كرێی تێچونی سوتەمەنی نەدرێت و هەرزان بفرۆشێتەوە."

 دەشڵێت:"هەرچەندە لە وڵاتێكین خاوەن یەكەم یەدەگی غازین بەڵام حكومەتی هەرێم بڕێك غاز دەخاتە بازاڕ خۆیشی دەزانێت بەشی پێداویستی هاوڵاتیان ناكات بەڵام بۆ ئەوەی نرخەكەی گران بێت وادەكات."

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوەشدەكات:" حكومەت دەتوانێت هەوڵی جدی بدات بۆ هەرزان كردنی نرخی بەنزین و سوتەمەنییەكانی تر لەچەند ڕێگایەكەوە، یەكێك لەو ڕێگایانە هەروەك چۆن پێشتر كۆنترۆڵی كواڵتی سوتەمەنی كرد ئێستاش دەتوانێت كۆنترۆڵی نرخەكەی بكات."

وتیشی:" جگە لەوە یەكێك لەو ڕێگا چارانەی كە هەرێم دەتوانێت بیگرێتە بەر ئەوەیە دەسەڵات لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بدرێتەوە پارێزگاكان بەداخەوە وەزیری سامانەسروشتییەكان دەڵێت، بە یەك تیلفۆن كێشەكەم چارەسەر كرد لەگەڵ بەغداد، ڕۆژانە حكومەتی ناوەندی عێراق یەك ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێم دەنێرێت لەكاتێكدا بەپێی ئەو داتایانەی لای ئێمەیە هەر چوار پارێزگاكە ڕۆژانە پێویستییان بە هەشت ملیۆن بەنزینە، ئەی باشە ملیۆنێك لیتر چی چارەسەر دەكات؟"

بەرزان شێخ محەمەد زیاتر ڕونیكردەوە:" بۆیە دەڵێم حكومەت كەمتەرخەمە بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین، چونكە هەر بۆ نمونە لە ناوەندی شاری سلێمانی سەدان ئاپارتمان دروستكراوە بیست قات و سی قات، چۆڵن، ئەی بۆ حكومەت لەبری ئەوە وەبەرهێنەرانە هانبدات بۆ دروستكردنی پاڵاوتگەی بەنزین كە بە دڵنیاییەوە دەڵێم پاڵاوتگەیەكی بەنزین ئەو بڕە پارەیەی تێ ناچێت."

دەربارەی گرانی نرخی غاز جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی:" هەرچەندە ئێمە لە دەوڵەمەندترین وڵاتی سەرزەوین لە یەدەگی غازدا بەڵام حكومەت ئەو بڕە غازەی دەخاتە بازاڕەوە دەزانێت كە بەشی هاوڵاتییان ناكات بەس بۆ ئەوە وادەكات تا نرخی غاز بەرزبكاتەوە بۆیە دەڵێم كێشەكە حكومەتە نەك خەڵك. "

بە وتەی بەرزان شێخ محەمەد نرخی یەك لیتر بەنزین لە هەزار دینار تێپەڕ دەكات لەو ڕوەوە وتی:" ئەگەر حكومەت ئاوا بە كەمتەرخەمی سەیری ئەم بابەتە بكات و بەرنامە و پلانی نەبێت ئەوا هەر یەك بەفر ببارێت لە پێنجوێن ئەوكاتە ڕێگا و بان دەگیرێت و ناتوانرێت سوتەمەنی لەدەرەوە بهێنرێت ئەوكاتە نرخی یەك لیتر بەنزین بە پێشبینی ئێمە دەگاتە زیاتر لە هەزار دینار بۆ یەك لیتر."

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشبینی ئەوەشی كرد، جگە لە نرخی بەنزین نرخی نەوت و خۆراك و هەموو پێداویستییەكان بەرزببێتەوە، وتی:"چونكە ئێمە وڵاتێكی بەكاربەرین زیاتر خۆراك و پێداویستیمان لە دەرەوە بۆ دێت كاتێك نرخی بەنزین بەرز ببێتەوە واتە نرخی گواستنەوە و هێنانی خۆراك و كەلوپەلیش بەرزدەبێتەوە بۆیە هەموو شتەكان بەیەكەوەن و پێكەوە نرخیان بەرز دەبێتەوە."

هەروەها وتی:" نەوت لە هاویندا لە كوردستان گرانبووە بەبڕوای من لە زستان گرانتر دەبێت، بەداخەوە وەك وت، چارەسەر ئاسانە بەڵام حكومەتی هەرێم خۆی نایەوێت چونكە ئەوەندەی پارە خەرج دەكات بۆ كڕینی سوتەمەنیەكان لەدەرەوە دەتوانێت بەو پارەیە پاڵاوگەیەك دابمەزرێنێت لەناوخۆی هەرێمدا بەنزین و غاز و نەوتی سپی بەرهەم بهێنرێت ئەوكاتە تێچوو و نرخی كەمتر دەبێت بەڵام حكومەتی هەرێم خۆی نایەوێت."

پێشتر بەرزان شێخ محەمەد ڕایگەیاندبوو:" كە ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتییان نیە، تەنانەت پارێزگاریش پێیان دەڵێت خۆ ئێوە منتان دانەناوە من بەفرمانی وەزارەتی ناوخۆ لە پۆستەكەمم."

" پێشتر كە ئەو قسانەم بۆ ئێوە كرد تا ئێستاش هیچ لە دۆخە سیاسییەكە نەگۆڕاوە تەنها هەڵبژاردنێك كراوە كە هەر هاوڵاتییەك لای خۆیەوە تۆڵەی لە حیزبەكان كردۆتەوە هەرچەندە لەوانەیە بە كورسی ژمارەیان زۆر بوبێت بەڵام لە ڕووی جەماوەرییەوە هەموویان دەنگییان كەمیكردووە، هیچ گۆڕانكارییەك نە لە سیستمی حوكمڕانی كوردستان نە لەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان ڕووی نەداوە. بەرزان شێخ محەمەد جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وایوت.

بەرزان شێخ محەمەد ئەوەشی وت ” ئێمە وەك ئەنجومەنی پاڕێزگاكان دەسەڵاتمان بەسەر حوكمەتە خۆجێییەكانەوە هەیە، بەڵام بەڕاستی زۆر بڕیار هەیە لە حكومەتی ناوەندی (واتە حكومەتی هەرێمەوە) دەردەچێت، وە ئەو دەسەڵاتەی لای پارێزگارە، پارێزگار لە چوارچێوەی(یەك دوو بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ) كارەكانی دەكات، بەداخەوە ئێمە ڕاستیەكان باس دەكەین كە ئەوە تواناكەمانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن