رۆژین ماڵئاوایی کرد

هەمەڕەنگ

07/11/2021     ژمارەی بینراو 1830

راچڵەکین-

خانمە پێشکەشکاری تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداو دوای چوارساڵ لە کارکردنی لەو دەزگایە ماڵئاوایی کرد

رۆژین مەهدی، خانمە پێشکەشکاری تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداو لە پپۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و نووسیویەتی:"ماڵئاوا رووداو"، دەشڵێت:" بڕیاری وازهێنانم لە رووداو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی من ئیدی ئێستا لە قۆناخێکی تەواو جیاوازی ژیانمدا، ئێستا پێویستە پیشە هەمیشەییەکەی خۆم بخەمە پێشینە کە پزیشکییە کە بێگومان من پزیشکی بە هیچ شتێک ناگۆرمەوە".

‎دەشڵێت:"هەندێ شت هەن لە ژیاندا کاتین..ماوەیەک پیایاندا تێپەڕدەبیت و کۆمەڵێک ئەزموونیان لێ وەردەگریت، بەڵام کە دەگەیتە کۆتایی رێگەکە دەزانی ئیدی تەواو هیچیدیکە گەڕانەوە بۆ دواوە بژاردەیەکی دروست نییە".

‎رۆژین ئاماژە بەوەشدەکات، دوای چوار ساڵ لە دەستبەکاربوونم لە تۆری میدیایی رووداو بڕیارمدا گرێبەستەکەم نوێ نەکەمەوە و دەستم لە کار هەڵگرت.

‎دەشڵێت:" دەمەوێت لەمەودوا لە نەخۆشخانەکان خزمەتی کۆمەڵگەکەم بکەم و بەردەوامبم لە خوێندنی زانستی پزیشکی چونکە رێگەیەکە دەستم پێکردووە و دەمەوێت تا کۆتایی بڕۆم، خوا یاوەر بێت تا کۆتایی ژیانم پەرە بە خوێندن دەدەم و ئەوەشی ئێستا هەمە بە سایەی خوێندن بەدەستم هێناوە".

‎هەروەها نووسیویەتی:" کۆمەڵێک ئەزموونم وەرگرت لە رووداو سوپاسی هەموو هاوکارانم دەکەم کە رۆژێک لە رۆژان یارمەتییان داوم، ئەو ئەزموونە و بەهرەیەی کە هەمە دەتوانم هەر کاتێک لە ژیانمدا بمەوێت کاریان پێبکەمەوە بەڵام ئەم تەمەنەی خوێندن و کارکردنی پزیشکیم لەدەست بچێت بە هیچ شتێک بۆم ناگەڕێتەوە".

‎"هەمیشە دەگەڕێم بەدوای فێربوون و پێشکەوتن هەرگیز لە شوێنێک نامێنمەوە و وزەی خۆمی تێدا سەرف ناکەم ئەگەر بزانم ناتوانم داهێنانی تێدابکەم و خۆم بەرەوپێش ببەم" رۆژین وای نووسیوە.

لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەشڵێت:"بۆ داهاتوویەکی دوور دەڕوانم، ئەگەر رۆژێک کاری راگەیاندنیش بکەم بە پرۆژە و بیرۆکەی زۆر جیاواز دەگەڕێمەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن