قائانی لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان چی بەكورد ووت؟

چاوپێکەوتن

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 446

راچڵەكین-

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران رایدەگەیەنێت، پەیامی ئێران لەرێی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ لایەنە عێراقییەكان ئەوەبوو، دەبێت لایەنە عێراقییەكان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەكان ڕازی ببن.

نازم دەباغ، لەبارە ئامانجی سەردانەكەی قائانی بۆ عیراق لەدوای هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەبوو، قائانی پەیامی ئێرانی بە هەریەك لە لایەنە عێراقییەكان و كوردستانیەكانی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، پەیامی ئێران لە ڕێگای قائانیەوە بۆ لایەنە عێراقییەكان ئەوەبوو، دەبێت لایەنە عێراقییەكان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەكان ڕازی ببن."

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی هەوڵدان بۆ تیرۆركردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە كاری ئەو گروپە چەكدارە شیعانە ناودەبرد كە بە گروپەكانی نزیك لەكۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق دەناسرێن، لەو ڕوەوە پێشتر د.مەحمود عوسمان كەسایەتی سیاسی كورد ڕایگەیاندبوو:" ئەوەی لە عێراق ڕوویدا هەوڵی (تیرۆركردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق) چاوەڕوانكراوبوو، چونكە دوو ساڵە بە ئاشكرا ئەو گروپە چەكدارانە هەڕەشە لە كازمی دەكەن و قسەی پێدەڵێن بەڵام حكومەت هیچی بەرامبەر نەكردون، ئەو گروپانەش نایشارنەوە كە سەر بە ئێرانن، (وەك گروپەكانی عەسائیبی ئەهلی حەق و حیزبوڵای عێراقی) كە هەموو كەس وای بۆ دەچێت ئەوان بن، بەڵام ئیتر نازانرێت حكومەتی عێراق دوای ئەمە كارێك دەكات یاخود بێدەنگ دەبێت و هیچی تر ناكات! چونكە ئێستا ئەو چەكدارانە لە دەوڵەتیش بەهێزترن. "

بەڵام نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت:" جگە لەوەی سەردانەكەی قائانی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بووە لە عێراق پاش هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هاوكات بۆ ئەوەبوو پەیام بدات بەو كەسانەی خۆیان بە نزیكی ئێران تا لەبری ئێران شەڕ نەكەن لە عێراقدا ، وە بڕیار نەدەن چونكە وەك هەمیشە ئێران وتویەتی ئێمە خۆمان دەزانین لەكوێ شەڕ دەكەین؟ بۆ شەڕ دەكەین وە بۆچی دەیكەین؟"

نازم دەباغ دەشڵێت:"من زانیاری وردم لانیە لەسەر سەردانەكەی قائانی بۆ عێراق، بەڵام ئەمە لێكدانەوەی خۆمە، بەشێوەیەكی گشتی ئاغای قائانی نوێنەرایەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەو دیو سنور لە نێویشیاندا عێراق، بۆیە ئەوەندەی من بزانم و بیخوێنمەوە، ئەوەیە دەبێت لایەنە عێراقییەكان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەكان ڕازی ببن، چونكە ئەمە سیاسەتێكی دروستە سبەی ئەگەر هەڵبژاردن بكرێپەوە كەواتە هەمان دەرگا بۆ لایەنەكەی تر دەكرێتەوە، بۆیە ئەم كێشمە كێشمە بەردەوام دەبێت كە لە زیانی خەڵكی عێراقە.با ڕازی بن بگەڕێنەوە بۆ ئەو سیستمە كۆنەی كە حكومەتی لە دوای 2003 ەوە پێپێكهات كە بریتیە لە سازانی لایەنەكان. "

بەپێی بەشێك لە میدیا لۆكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان (ئیسماعیل قائانی) جگە لە بەغداد سەردانی هەرێمی كوردستانیشی كردووە.

نازم دەباغ سەبارەت بە سەردانەكەی قائانی بۆ كوردستان و پەیامی بۆ لایەنە كوردییەكان وتی:" من پێم وایە هەمیشە قائانی كە چۆتە عێراق دەرفەتی هەبوبێت سەردانی هەرێمی كوردستانیشی كردووە ئەمەش وەك واتای ئەوەی كوردیش بە ئەندازەی ئەو لایەنە شیعەی ئێران دەیبنیێت لەبەغداد بۆ ئێران گرنگە، بۆ پارسەنگی سیاسەت لە عێراق، پەیامی ئێرانیش بۆ كورد ئەوەیە كە كورد نەكەوێتە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە بەشیعە، كە شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا ڕێكبكەون ئەوكات كوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بكات كە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عێراق بكات. "

بە بڕوای نازم دەباغ لە عێراقدا ئاسان نیە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت كێ حكومەت پێكدەهێنێت:" چونكە ژمارەی كورسی بەتەنها بەس نیە، ڕاستە سەركردەیەكی شیعە وەك موقتەدا سەدر وەكو كورسی، ژمارەی كورسییەكانی زۆرە، بەڵام لەبەرامبەردا چوار سەركردەی شیعە هەن ”جا ئیتر لایەنگری ئێران بن یاخود دژ، ئەوان چوار سەركردەن و سەنگیان زیاترە لە یەك سەركردە."

سەبارەت بە لایەنی كوردیش دەباغ وتی:"كورد ناتوانێت بچێتە هیچ بەرەیەك دژی بەرەكەی تر بوەستێتەوە چونكە بۆ ئێمە( كورد) نە ئێران ئەو هێزەیە كە بتوانێت لە هەموو كاتێكدا پارێزگاریمان لێبكات، نە ئەمەریكا و وڵاتانی تریش ئەو هێزەن تا ئەو متمانەیان پێبكرێت و پشتییان پێ ببەسترێت، كورد دەبێت بێ لایەن بێت، دەبێت هەوڵبدات شیعە لە نێو ماڵی خۆی."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن