بەرپرسی باڵای داعش دەستگیركرا

عێراق

17/11/2021     ژمارەی بینراو 250

راچڵەكین-

سوپای عیراق دەستگیركردنی دوو تیرۆریستی راگەیاند، یەكێكیان بەرپرسی كارگێڕیی ویلایەتی جەزیرە رۆژئاوای نەینەوای رێكخراوی تیرۆریستی داعش بووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بڵاویكردەوە، بە پشت بەستن بە زانیاری وردی هەواڵگریی هۆبەی هەواڵگریی فیرقەی 15 لەسەر بوونی دوو تیرۆریست لە ناوچەكانی گەڕەكی ڕەبیع و گوندی قادسیە لە ناحیەی زومار رۆژئاوای نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێك ئەنجام درا.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ئۆپەراسیۆنەكە بەهەماهەنگیی لەنێوان هێزێكی فەوجی لیوای 73ی پیادە و هەواڵگری سەربازیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە زومار ئەنجامدراوە و تیایدا هەردوو تیرۆریستەكە دەستگیران كە یەكێكیان بەرپرسی كارگێڕیی ویلایەتی جەزیرە رۆژئاوای نەینەوا بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە تیرۆریستەكەی دیكە ئەندامێكی چالاك بووە لە سەربازگەی گشتیی داعش و هەردوو دەستگیركراوەكە بەپێی ماددەی چوار تیرۆر داواكراوبوونە.

وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2017 دا سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش و كۆنترۆڵ كردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاكەی كە رێكخراوەكە لە ھاوینی 2014دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەكو ئێستا رێكخراوەكە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەكانی ناو بەناو كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاكانی كەركووك و سەڵاحەددین (باكوور) و پارێزگای دیالە (رۆژھەڵات)، كە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن