ئەردۆغان: پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل بە گرنگ وەسف دەكات

جیهان

18/11/2021     ژمارەی بینراو 211

راچڵەكین-

سەرۆكی توركیا پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل بە گرنگ وەسف دەكات بۆ سەقامگیری و ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاویكردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەپەیوەندییەكانی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆكی ئیسرائیل، پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو تەلئەبیب-یان تاوتوێكردووە. 

تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەكردووە، پەیوەندییەكانی توركیا-ئیسرائیل گرنگە لە رووی ئاسایش و سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. باسی لەوەشكردووە، ئەگەر بە لێكتێگەیشتن بابەتە دووقۆڵیی و هەرێمییەكان تاوتوێ كران، ئەوا دەكرێت جیاوازی بۆچوونەكان بچووك بكرێنەوە.

ئەوەش روونكراوەتەوە، ئەردۆغان جەختی كردەوە لەسەر دووبارە بەرقەراركردنەوەی كولتووری ئاشتیی، خۆڕاگری و پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە لەو رووەوە دەكرێت پەیوەندییەكانی فەڵەستین-ئیسرائیل پەرەی پێ بدرێت و پرۆسەی ئاشتیی سەرلەنوێ دەست پێ بكرێتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە كرد كە بەردەوامی دیدار و دیالۆگی نێوان توركیا و ئیسرائیل بەرژەوەندی هاوبەشی هەیە.


هاوكات سەرۆكایەتی ئیسرائیل لەراگەیەندراوێكدا لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، ئاماژەی بەوەكردووە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی تەیب ئەردۆغان و ئیسحاق هێرزۆگ، لە كەشێكی ئەرێنییدا ئەنجامدرا و جەخت لەسەر گرنگیی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل كراوەتەوە لە رووی ئاشتیی، سەقامگیریی و ئاسایش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هێرزۆگ خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بە دیالۆگی گشتگیریی توركیا و ئیسرائیل لە بابەتە دووقۆڵی و هەرێمییەكاندا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن