بەریتانیا راستییەكی سەردەمی داگیركردنی كوێت لەلایەن رژێمی بەعس ئاشكرا دەكات

جیهان

24/11/2021     ژمارەی بینراو 388

پاشماوەی فڕۆكە بەریتانیەكە دوای دەستگیركردنی سەرنشینانی و تێكشكاندنی لە فڕۆكەخانەی كوێت

راچڵەكین-

بەریتانیا راستییەكی نەبیستراوی سەبارەت بە قۆڵبەستكردنی سەرنشینانی فڕۆكەیەك لە سەردەمی داگیركردنی كوێت لەلایەن عیراقەوە ئاشكرا كرد.

لیز تروس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئاشكرایكرد، زانیاریی هەڵەیان داوەتە پەرلەمان و رای گشتیی سەبارەت بەو فڕۆكەیەی كۆمپانیای بریتیش ئێروەیس كە لە ساڵی ١٩٩٠ لەكاتی داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراق، لەو وڵاتە نیشتەوە و سەرنشینانی قۆڵبەستكران و كۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەكەیان پێشوەخت ئاگادار نەكردووەتەوە.

بەپێی ئەو نووسراوانەی كە ئەمڕۆ لەلایەن ئەرشیڤی نیشتمانیی بڵاوكراونەتەوە، كاتێك كە داگیركردنی كوێت لەلایەن عیراقەوە دەستیپێكردووە، باڵیۆزی ئەو دەمەی بەریتانیا لەعیراق لەنیوەشەودا، راپۆرتی بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ناردووە. ئەم زانیارییە دراوەتە هەریەك لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، دەزگای هەواڵگریی دەرەكیی MI6 و وەزارەتی بەرگریی، بەڵام كۆمپانیای بریتیش ئێروەیسی لێ ئاگادار نەكراوەتەوە.

لەوبارەیەوە لیز تروس نامەیەكی ناردووە بۆ پەرلەمان و ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو كاتە زانیاریی هەڵەیان داوەتە گەل و پەرلەمانتاران و رایگەیاندووە: "ئەم شكستە مایەی قبوڵكردن نییە و هەر بۆیە داوای لێبوردن لە پەرلەمان دەكەم".

هەروەها بەردەوام بوو لەوەی ئەو بانگەشانە رەت بكاتەوە كە باس لەوە دەكەن فڕۆكەكە بۆ مەبەستی هەواڵگریی بەكارهێنراوە.

یەكێك لە سەرنشینانی فڕۆكەكە، باری مانەرز لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی پی ئەی (Press Association)، ئاماژەی بەوە كردووە باوەڕی بە كاربەدستان نییە و رایگەیاندووە: "ئەگەر حكوومەت بریتیش ئێروەیسی بۆ گواستنەوەی سەربازانی بەكارهێنابێت، با دانی پێدا بنێت".

رۆژی یەكی ئابی ١٩٩٠ فڕۆكەیەكی كۆمپانیای بریتیش ئێروەیس بەگەشتی ژمارە BA149، بەرلە گەیشتنی بە دوایین وێستگەی گەشتەكەی كە كوالا لمپور بوو لە كوێت نیشتبوویەوە بۆ ئەوەی سووتەمەنی وەربگرێت.

بەڵام فڕۆكەخانە داخرابوو، سەرنشینان و ستافی فڕۆكەكە قۆڵبەست كرابوون، هەندێكیان بەرەوڕووی مامەڵەی خراپ بووبوونەوە و ئەو سەرنشینانەشی كە ئاماژە بەوە دەكرا بەرەوڕووی دەستدرێژیی سێكسیی بوونەتەوە لە مانگی كانوونی یەكەمدا، ئازاد كرابوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن