راچڵەكین –
زانكۆی هەڵەبجە بڕیاریدا لەرۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە بۆ ماوەی چوار رۆژ پرۆسەی خوێندن لەسەرجەم كۆلیژو بەشەكانی زانكۆكە رابگرێت.
ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردووەتەوە، خوێندكارانی زانكۆكەی ئاگاداركردووەتەوە كە بڕیاریانداوە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە رۆژی یەكشەممە 28-11-2021 تاوەكو رۆژی چوارشەممە 1-12-2021، دەوامی خوێندكاران لە سەرجەم كۆلێج و بەشەكانی زانكۆی هەڵەبجە رابگرێت بەمەبەستی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی خوێندكاران و دابینكردنی پێداویستییە هەنوكەییەكانی بەشە ناوخۆییەكان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بڕیاری راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە زانكۆی هەڵەبجە، بەپێی ئەو دەسەڵاتە هاتووە كە وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی، بە ئەنجومەنی زانكۆكانی داوە بۆ راگەیاندنی ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن.