ئەرمینیاو ئازەربایجان لەسەر دیاریكردنی سنوور رێكدەكەون

جیهان

26/11/2021     ژمارەی بینراو 252

راچڵەكین –

هەردوو وڵاتی ئەرمینیاو ئازەربایجان بە نێوەندگیری سەرۆكی رووسیا، لەسەر دیاریكردنی سنووری نێوانیان گەیشتنە رێككەوتنێكی هاوبەش، بڕیاریشە لیژنەیەكی دووقۆڵی بۆ ئەو مەبەستە پێكبهێنن.

ئەمڕۆ هەینی، فلادیمێر پووتین، سەرۆك كۆماری رووسیای فیدراڵ، لەشاری سۆچی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی كرد لەنێوان نیكۆل باشینان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیاو ئیلهام عەلیێف سەرۆك كۆماری ئازەربایجان، بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو وڵات و دیاریكردنی سنوورەكانی نێوانیان.

بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە، هەردوو لایەنی ناكۆك، گەیشتنە لێكتێگەیشتن بۆ پتەوكردنی سەقامگیری ئەمنی لەناوچە سنوورییەكانی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان و هەنگاونان بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەیەكی دووقۆڵی بۆ دیاریكردنی سنوورو چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان.

لەراگەیەندراوەكەدا، سەرۆك كۆماری رووسیا پابەندبوونی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ هەنگاونان بەئامانجی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەرمینیاو ئازەربایجان، كە لەسەر خاوەندارێتیكردن لە هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباخ، بەردەوام لەشەڕو ناكۆكیدان.

لەدوای كۆتایی هاتنی شەڕو پێكدادانە سەربازییەكەی نێوانیان لەسەر هەرێمی ناگۆنۆ كاراباخ، كە ئازەربایجان توانی بەشێك لەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی ئەرمینیا دەربهێنێت و بیخاتە ژێر ركێفی خۆی، تائێستا چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان باشینان و عەلیێف لەرووسیا لەسەر دەستی پووتین ئەنجامدراوە، بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕو ناكۆكییەكانی نێوانیان و گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن