یەكێتی هەوڵی بەدەستهێنانەوەی سێ كورسی دیكەی پەرلەمانی عیراق دەدات

کوردستان

01/12/2021     ژمارەی بینراو 1788

راچڵەكین –

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای ئەوەی توانی لەرێگەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان، دوو كورسی پەرلەمانی عیراق لەهەردوو پارێزگای هەولێرو نەینەوا بەدەستبهێنێتەوە، ئەمجارە لەرێگای تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لە دادگای باڵای فیدراڵی، هەوڵی بەدەستهێنانەوەی سێ كورسی دیكە دەدات.

رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە، هاوپەیمانی كوردستان لەدادگای فیدراڵی عیراق سكاڵا تۆمار دەكات بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی سێ كاندیدی دیكەی هاوپەیمانی لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێرو نەینەوا.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاشكرایكردووە، هەریەك لە فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی لە بازنەی یەكی هەولێر، مەجید ئەحمەد ئیسماعیل مگو لە بازنەی سێی نەینەواو عەزیزە عەبدولعەزیز كامل لە بازنەی چواری ئەو پارێزگایە، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگی پێویستیان هێناوەو دەیانەوێ لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە، مافەكانیان بۆ بگەڕێننەوە.

ئەم هەوڵەی یەكێتی لەدوای ئەوە دێت كە لەئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی ژمارەیەك سندووقی هەڵبژاردن لەهەردوو پارێزگای هەولێرو نەینەوا، توانی دوو كورسی لەو دوو پارێزگایە بەدەستهێنێتەوە، كە ئەوانیش هەریەك لە هەرێم كەمال ئاغا لە بازنەی 3ی هەولێرو رونزی زیاد سیدۆ لە بازنەی 2ی نەینەوا، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ 19 كورسی بەرزبووەوە، لەئەگەری قبوڵكردنی سكاڵاكەشی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی و بەدەستهێناوەی سێ كورسی دیكە، ئەوا كۆی ژمارەی كورسییەكانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ 22 كورسی بەرزدەبێتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن