راچڵەكین –
مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەرپەرشتیاری میحوەری ١ی گەرمەسێری ھێزەكانی پێشمەرگە، لەبارەی دەنگۆی دورخستنەوەی لەیەكێتی، دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت، ڕیزی پێشەوەی سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگەم لا پیرۆزترین و شەرەفمەندانەترین ئەرك و پۆست و پایەیە.
لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ 7-12-2021، نوسینگەی تایبەتی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە، وێڕای رەتكردنەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە دوورخستنەوەی دەكەن، راشیگەیاندووە، ئێستاش لە ھەر كاتێك زیاتر و وەك ھەمیشە ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ڕۆڵەی بە ئەمەك و دڵسۆزی (ی.ن.ك) و ڕێبازی پیرۆزی شەھیدانە.
دەقی روونكردنەوەكە:
كۆمەڵانی خەڵكی بەشەرەفی كوردستان
دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ناوەندە میدیایەكان
بەداخەوە لە چەند میدیایەكی سێبەریەوە چەند ھەواڵێكی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی دەربارەی دوورخستنەوەی ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی بڵاوكراونەتەوە كە مەبەست لێیی چەواشەكاری و شێواندنی بیر و ھۆشی كۆمەڵانی خەڵكی بەشەرەفی كوردستانە.
ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی لە ئێستادا شەرەفی سەرپەرشتیكردنی سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگەەی كوردستانی پێسپێردراوە و لە ئەرك و لێپرسراویەتی خۆی وەك میحوەری ١ی گەرمەسێری ھێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە جگە لە لێپرسراویەتیە حیزبیەكەی كە وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) لە خزمەتكردن بەردەوامە.
بۆیە بە پێویستمان زانی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی بەشەرەفی كوردستان ڕوون و ئاشكرا بێت سەرلەبەری ئەو ھەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە و ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ڕیزی پێشەوەی سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگەی لا پیرۆزترین و شەرەفمەندانەترین ئەرك و پۆست و پایەیە. ئێستاش لە ھەر كاتێك زیاتر و وەك ھەمیشە ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ڕۆڵەی بە ئەمەك و دڵسۆزی (ی.ن.ك) و ڕێبازی پیرۆزی شەھیدانە.
نوسینگەی تایبەتی ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی
٢٠٢١/١٢/٧