هەوکردنی تورەکە بچووکەکانی کۆئەندامی هەناسە (BRONCHIOLITIS)

تەندروستی

17/12/2021     ژمارەی بینراو 399

راچڵەکین-

پزیشکێکی پسپۆڕی منداڵان و گەشەی منداڵان باس هەوکردنی تورەکە بچووکەکانی کۆئەندامی هەناسە دەکات و دەڵێت:" BRONCHIOLITIS بریتیە لەهەوکردنی تورەکە بچووکەکانی کۆئەندامی هەناسە(سیەکان) لەمنداڵی بچووکتر لە دوو ساڵ بەهۆی ڤایرۆسەوە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا لە نووسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:"ئەم هەوکردنە بەزۆری لە وەرزی زستاندا ڕووئەدات، یەکەمجار نیشانەکانی لە شێوەی پەتای هەڵامەتدا ئەبن،وەکو لووت گیران و لووت تەڕی و نەرمە تاو وکۆکە بۆ چەند ڕۆژێک، بەڵام دواتر نیشانەکانی ئەگۆڕێت بۆ خیزەی سنگ و کۆکەی تووندو هەندێکجار هەناسەدان بەتووندی و ماوەی نەخۆشیەکە دوو هەفتە بۆ سێ هەفتە ئەبێت".

چ کاتێک پێویست ئەکات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی پێبکەیت:
١-ئەگەر منداڵەکە بچووکتر بوو لە شەش هەفتە.
٢-ئەگەر منداڵەکە بە نەبەکامی لەدایک بووبوو،یان نەخۆشی سیەکان یان دڵی هەبوو.
٣-ئەگەر بە گوێچەکەو بەبێ بەکارهێنانی سەماعە خیزەی سنگەکەی بیسترا.
٤-ئەگەر هەناسەدانی زۆر خێرا بوو.
٥-ئەگەر بە ناڕەحەت هەناسەی بۆ درا.
٦-ئەگەر هەستکرا زۆر نەخۆشە.
٧-ئەگەر شیری بەباشی بۆ نەخورایەوە یان ئەو منداڵانەی خواردن ئەخۆن باش بۆیان نەخورا.
٨-ئەگەر ڕشانەوەی لەگەڵدا بوو.
٩-ئەگەر شین بوونەوەی پێستی هەبوو بەتایبەت لێو و نینۆک و سەرەپەنجەکانی.

ئەو پزیشکەی منداڵان لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی کات بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکە پێویست بە ئەشیعەو فەحسی تاقیگەیی ناکات،تەنها لەهەندێک حاڵەتدا نەبێت کە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بڕیاری لێ ئەدات.

ئەو پزیشکە دەشڵێت، بەهیچ شێوەیەک پێویست بەبەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریا ناکات چونکە هەوکردنەکە بەهۆی ڤایرۆسەوەیە.

 د.پشدەر عەبدووڵلا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دەرمانانەی کە لەوێنەکەدان لەلایەن کەسێکەوە بۆ منداڵێک نووسراوە کە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان نیە بۆ منداڵێک کەتەمەنی سێ مانگەو تووشی ئەو هەوکردنە بووە.

ئەو پزیشکە نووسیویەتی، دوو دەرمانی دژە بەکتریای تێدایە کە بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکات بۆ چارەسەر کردنی ئەو نەخۆشیە،تەنانەت یەکێکیان بە شێوەی ڤیاڵەو تەنها بۆ هەوکردنی قوڕس بەهۆی بەکتریاوە بەکاردێت.

دەشڵێت:"تکایە ڕێگە مەدەن منداڵەکانتان جگە لە پزیشکی پسۆڕی منداڵان چارەسەری نەخۆشیەکەی بکات،چەندین منداڵ ژیانیان کەوتوەتە مەترسییەوە بەهۆی ئەوەی جگە لە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان دەرمانی ناپێویست و خراپی بۆ نووسراوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن