" بەغدا رەوانەكردنی 200 ملیارەكەی بۆ هەرێم راگرت و چیتر ناینێرێت"

چاوپێکەوتن

22/12/2021     ژمارەی بینراو 911

راچڵەكین-

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی عیراقی فیدراڵ، ئاشكرایكرد ئەمە كۆتا مانگی ناردنی 200 ملیارەكە بوو هەتا ئێستا. دەشڵێت:" ئێستا تەواو بەغداد 200 ملیارەكەیان ڕاگرتووە بەداخەوە ڕاوەستاوە."

د.فازڵ نەبی، كەهاوكات پڕۆفیسۆرە و هەڵگری بڕوانامەی ئابورییە لەزانستی ئابوری بەشی ژمێریاری بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" ئەو 200 ملیارە بۆئەوەی خەڵكیش لێی تێك نەچێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو ڕاستیە بزانێت پێشینەكە( دوو سەد ملیارەكە)‌ بۆ ئەوە بوو هەتا ئەوكاتەی دەگەنە ئەنجامێك ئینجا دواتر تەسویەی سلفەكان دەكەن ئەوە لەڕووی ژمێریارییەوە وایە، بەڵام بەداخەوە هەر نەگەیشتنە ئەنجام واتە لەو ماوەیەدا من زۆریش قسەمكرد كە پێویست دەكات بگەنە دەرئەنجامێك چونكە ئەو ڕێككەوتنە دەكرێت تەگەرەی تێبكەوێت بەڵام بەداخەوە نەگەیشتنە ئەنجام ئەوە بوو كە ئێستا حكومەتی عیراق پێشینەكەی بڕی ، ئەوە مانگی دوانزەیە و حكومەتی عیراق حساباتی خیتامی خۆی لە 25 ی مانگ دادەخات. “

وتیشی، بەغداد بۆ نەناردنی دوو سەد ملیارەكەدوو بیانویان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرتووە:" یەكێكیان ئەوەیە لەبەرئەوەی ئێمە نەگەیشتینە ئەنجام ناتوانیین لەوە زیاتر پێشینە بدەین، دووەمیان دەڵێن( ئێمە سەرقاڵی تەسویەكردنی حاساباتی خۆمانیین و حاساباتی خۆمان دەداخەین، ئەوەی دووەمیان وانیە من دە ساڵ بریكاری وەزارەتی دارایی بووم لە بەغداد، ئێمە لە 25 ی 12 حساباتمان دادەخست واتە هێشتا چەند ڕۆژێك ماوە بۆ داخستنی حسابات."

"من دوو هەفتەش پێش ئێستا داوام لە حكومەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بەزووترین كات بگەنە بارودۆخی خۆیان چونكە لە 25 ی مانگ عیراق حسابات دادەخات ئەو كاتە هیچیان بۆ سەرف ناكەن ئەوان لە 2021 تەنها لە چوار مانگیان 200 ملیاریان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە هی ئەو دوو مانگەی نەناردووە پێویستە حكومەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات وەفدێك بنێرێتە بەغداد، یان پەیوەندی زۆر چڕوپڕ بكەن تەنها چوار ڕۆژیان لەبەردەم ماوە ئەگەرنا دواتر عیراق حساباتی خۆی دادەخات ناتوانن ئەو پارەیە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرف بكەن، بەڵام لەڕووە یاساییەكەی مادا‌م بودجە 2022 ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی نەكردووە و ئێمە ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەرانمان نییە لە عیراق لەبەرئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران كاتەكەی تەواو بووە. “د.فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق وایوت.

د. فازڵ نەبی دەشڵێت:"لەڕووی یاسایی دەكرێت هەرێمی كوردستان وەفدێكی زانستی بنێرێتە بەغداد بۆئەوەی گفتوگۆیان لەسەر بكەن هەر لەسەر ماددەی 11 ی 2021 بگەنە ئەنجامێك بۆئەوەی گەرەنتی بەردەوامی ئینجا 200 ملیارە یان تۆزێك كەمترە تۆزێك زیاترە ئەوە بابەتێكی تره،‌ بەڵام پێویست بەوە دەكات كە وەفدێكی زانا، چونكە ئێمە كێشەی ئەوەمان هەیە كاتێك كە خەڵكێك دەنێرین خەڵكێكی پسپۆڕ نیین نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرامبەر بكەن پێویست بەوە دەكات كە وەفدێكی پرۆفیشناڵ بنێرنە بەغداد بۆئەوەی لەسەر ماددەی 11 ی لە یاسای بودجەی 2021 ڕێكبەكەون هەتا زەمانی بەردەوامی ئەو پارەیە بكەن مانگانە هەتا ئەوكاتەی بودجەی 2021 لەعێراق پەسەند دەكرێت. "

د.فازڵ نەبی زیاتر وتی:" بەداخەوە ئێستا تەگەرەی تێكەوتووە مانگی 11 و 12 بۆیە ئەگەر لەماوەی ئەو چەند ڕۆژە نەگەنە خۆیان، ئیشكالیان بۆ دروست دەبێت ڕاستە وەزیری دارایی دەسەڵاتی هەیە چونكە نە بریكاری وەزیری دارایی نە بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری هەردووكیان ئەو دەسەڵاتەیان نامێنێت كە هیچ پارەیەك سەرف بكەن نەك بۆ هەرێمی كوردستان بەڵكو عێراقیش لە 25ی مانگ بەدواوە بەڵام وەزیری دارایی دەسەڵاتی هەیە كە لە 25ی مانگ هەتا 30 بتوانێت پارە سەرف بكات بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستان ئەو هەلە بقۆزنەوە، كە وەفدێكی پرۆفیشناڵ بنێرنە بەغداد بۆئەوەی بگەنە ئەنجامێك لەگەڵ ئەوەی بەداخەوە وەزیری دارایی نەفەسی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە هەر لە یەكەمجارەوە ئەوە دژی ناردنی ئەو 200 ملیارە بووە. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا‌ ئەگەر (وەك خۆت دەڵێی) هەرێمی كوردستان ئەو وەفدە پرۆفیشناڵە نەنێرێت، ئایا هاتنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت ؟ 

لە وەڵامدا د.فازڵ نەبی وتی:" ئێستا تەواو 200 ملیارەكەیان ڕاگرتووە بەداخەوە ڕاوەستاوە، هەرچەندە من حەزناكەم خەڵك بێ ئومێد بكەم بەڵام بەداخەوە ئێستا وەستاوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا مووچەی مانگی 11 ی بەتەواوەتی نەداوە جابۆیە پێویست بەوە دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەر خەمی خۆیشی نەخوات خەمی ئەو خەڵكە ڕەش و ڕووتەی هەرێمی كوردستان بخوات و جووڵەیەكی جددی لەسەر ئەو مەسەلەیە بكات. "



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن