رۆناڵدۆ خەڵاتی "گلەپ سۆکەر"ی پێشکەش کرا

وەرزش

28/12/2021     ژمارەی بینراو 318

راچڵەکین-

ئەستێرەی ھەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە ئاھەنگێکدا لە شاری دوبەیی ئیمارات وەکو باشترین گۆڵکاری مێژووی تۆپی پێ خەڵاتی "گلەپ سۆکەر"ی پێشکەش کرا.

بەھۆی سەرقاڵیی رۆناڵدۆ بە ئامادەکارییەکانی یانەکەی بۆ رووبەرووبوونەوەی یانەی نیوکاسڵ یونایتد لە میانی یارییەکانی پرێمیەر لیگ، بەڕێوەبەری کارەکانی، خۆرخی مێندێز خەڵاتەکەی وەرگرت.

رۆناڵدۆ، لە رێگەی ڤیدیۆیەکی تۆمارکراوەوە سوپاسی پێدانی ئەو خەڵاتەی کرد و وتی: "بە داخەوە ناتوانم لەوێ ئامادەبم بەڵام دەمەوێت سوپاسی ھەموتان بکەم بۆ ئەو خەڵاتە. ئومێدەوارم ساڵی ئایندە یەکتر ببینین".

پێدانی ئەم خەڵاتە بە رۆناڵدۆ دوای ئەوە دێت کە ناوی بە پیتی زێرین لە مێژووی تۆپی پێدا نوسیوە و ٦٨٧ گۆڵی لەگەڵ سەرجەم ئەو یانانە تۆمار کردووە کە یاری بۆکردوون و ٣٠٠ گۆڵی درووستکردووە. جگە لەوە ١١٥ گۆڵی لەگەڵ ھەڵبژاردەی پورتوگال تۆمار کردووە و ٤١ گۆڵیشی درووستکردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن