ئەمریكا.. لە یەك رۆژدا زیاتر لە ملیۆنێك تووشبووی كۆرۆنا تۆمار كرا

جیهان

04/01/2022     ژمارەی بینراو 407

راچڵەكین –

ڤایرۆسی كۆرۆنای جۆری ئۆمیكرۆن لە ئەمریكا بە شێوەیەكی خێرا تەشەنە دەسێنێت و لە ماوەی یەك رۆژدا زیاتر لە ملیۆنێك حاڵەتی تووشبوون لەو وڵاتە تۆمار كرا.

بەگوێرەی تۆمارەكانی زانكۆی جۆن هۆپكینس، تایبەت بە توشبووانی كۆرۆنا لە ئەمریكا، لە 24 كاتژمێری رابردوودا، ملیۆنێك و 77 هەزار و 605 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای ئۆمیكرۆن لەو وڵاتە تۆماركراوە.

باس لەوەشكراوە كە ئەگەری هەیە هۆكاری تۆماركردنی ئەو ژمارە زۆرەی حاڵەتەكانی توشبوون لە یەك رۆژدا، بگەڕێتەوە بۆ دواكەوتنی تۆماركردنی راپۆرتەكانی تایبەت بە كۆرۆنا بەهۆی پشووەكانی سەری ساڵەوە.

لە هەفتەی رابردوودا تێكڕای حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لە ئەمریكا، 480 هەزار و 273 حاڵەت بووەو ژمارەی حاڵەتەكانی رۆژانەی گیانلەدەستدانیش هەزار و 200 حاڵەت بووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ساڵی پار لە مانگی كانوونی دووەمدا، ژمارەی رۆژانەی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە ئەمریكا، زیاتر لە سێ هەزار حاڵەت بوو.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ژمارەی ئەو توشبووانەی بۆ چارەسەری كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی ئەمریكا ماونەتەوە، 103 هەزاری تێپەڕاندووە، كە زۆرینەیان لە ویلایەتەكانی فلۆریدا، جۆرجیا، لویزیانا و میسیسیپی تۆماركراون.

بڵاوبوونەوەی شەپۆلی نوێی كۆرۆنا لە ئەمریكا، ئەو وڵاتەش ناچار كرد هاتوچۆ سنووردار بكات، بەتایبەتیش هاتووچۆی ئاسمانی، كە لەماوەی یەك رۆژدا زیاتر لە هەزارو 200 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاندووەتەوە، بەمەش كۆی ئەو گەشتە ئاسمانییانەی كە لە دەستپێكی پشووەكانی سەری ساڵەوە تا ئێستا هەڵوەشێندراونەتەوە، گەیشتە نزیكەی 20 هەزار گەشت.

ئەمریكا لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی جیهان دێت لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا، بەگوێرەی نوێترین ئاماری ماڵپەڕی "Worldometer"، كە رۆژانە ئامارەكانی پەیوەست بە كۆرۆنا لەجیهان بڵاودەكاتەوە، كۆی ژمارەی توشبووان لەو وڵاتە بۆ زیاتر لە 57 ملیۆن و 131 هەزار كەس بەرزبووەتەوە، لەو ژمارەیەش تائێستا زیاتر لە 41 ملیۆن و 722 هەزار كەس چاكبوونەتەوەو ژمارەی گیانلەدەستدانیش 484 هەزارو 880 حاڵەتی تێپەڕاندووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن