تەندروستی جیهانی: زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەوروپا تووشی ئۆمیكرۆن دەبن

جیهان

11/01/2022     ژمارەی بینراو 267

راچڵەكین –

بەرپرسێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای كۆرۆنای جۆری ئۆمیكرن دەدات و رایدەگەیەنێت، تا دوو مانگی تر نیوەی دانیشتوانی كیشوەری ئەوروپا تووشی پەتاكە دەبن.
 
ھانز كلوج، بەڕێوەبەری ناوچەی ئەوروپای رێكخراوی تەندروستیی جیھانی، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامیدا، رایگەیاند: جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بەراورد لەگەڵ جۆرەكانی پێشوودا، بە خێراتر و فراوانتر بڵاودەبێتەوە و ئەگەری هەیە لە ماوەی شەش بۆ ھەشت ھەفتەدا، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەوروپا تووشی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە یەكەم ھەفتەی ساڵی 2022 لە ناوچەی ئەوروپای WHO، زیاتر لە حەوت ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیكرۆن دەستنیشانكراوە، كە ئەمەش دوو ھێندەی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوونە لە ھەفتەی پێشوودا.

بەڕێوەبەری ناوچەی ئەوروپای رێكخراوی تەندروستیی جیھانی، ئەوەشی راگەیاند كە لە ئەوروپادا ھەفتانە زیاتر لە 1%ی دانیشتووانی 26 وڵات، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، ئەمەش وایكردووە فشارێكی گەورە بۆسەر سستەمی تەندروستیی وڵاتەكان درووست ببێت.

ھانز كلوج، جەختی لەوە كردەوە كە جۆری ئۆمیكرۆن بە بەراورد لەگەڵ جۆرەكانی دیكەی كۆرۆنا، بە خێراتر و فراوانتر بڵاودەبێتەوە، بۆ رێگرتن لە توشبوونی زیاتری هاووڵاتیان، دەبێت وڵاتان بەستنی دەمامكی كوالیتی بەرز لە شوێنە داخراوەكاندا بكەنە ناچاری.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن