راچڵەكین –
دوای دوو رۆژ لە كوژرانی فەرماندەیەكی گروپی سەرایا سەلام-ی سەر بە موقتەدا سەدر لەشاری عەمارەی باشووری عیراق، چەكدارەكانی ئەو گروپە بەناو شەقام و شوێنە گشتییەكانی شارەكە بڵاودەبنەوەو چەند رێگەیەكیش كۆنترۆڵ دەكەن.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ 11-1-2022، ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی سەرایا سەلام-ی سەر بە رەوتی سەدر، لەناو شاری عەمارە-دا بڵاوبوونەوە، ئەمەش لەكاردانەوەی كوژرانی موسلم ئەبوریش یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئەو گروپە چەكدارە، كە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە بە 11 گولـلە كوژراو تەرمەكەشی لەناو زبڵدانێكدا دۆزرایەوە.
هەرچەندە تائێستا هۆكاری بڵاوبوونەوەی چەكدارانی سەرایا سەلام لەناو شاری عەمارە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بەوتەی چەند شایەتحاڵێك، ئەو چەكدارانە چەند رێگایەكیان بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتیاندا داخستووە.