لیژنەی باڵای تەندروستیی عیراق چەند بڕیارێكی نوێ دەردەكات

عێراق

12/01/2022     ژمارەی بینراو 575

راچڵەكین –

لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی لە عیراق، لە كۆبوونەوەیەكدا بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی، ژمارەیەك بڕیاری دەركرد بە ئامانجی رووبەڕبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، كە ماوەی چەند رۆژێكە بە فراوانی لەو وڵاتە بڵاوبووەتەوەو ئامارەكانی توشبوونیش روو لە هەڵكشانن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ 12-1-2022، لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، كۆبووەوەو تێیدا پێشھاتەكانی پەتای كۆرۆنا لە عیراق تاوتوێكران و ژمارەیەك بڕیاریش بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی دەركران.

لە كۆبوونەوەكەدا، وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند كە كە ھەموو پێدوایستییە تەندروستیی و پزیشكەكانی بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا، بۆ سەرجەم نەخۆشخانەكان دابینكردووەو تیمە تەندروستییەكانیش بەردەوامن لە ئەنجامدانی پشكنینی تایبەت بە دەستنیشانكردنی تووشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیكرۆن.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوە داوە كە لە كۆبوونەوەدا، تیشكخراوەتەسەر ئەوەی ھەڵمەتەكانی وەرگرتنی ڤاكسین بەردەوامەو ژمارەی ئەو كەسانەی كە دۆزی یەكەم و دووەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە زیاتر لە ھەشت ملیۆن كەس.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك دران، كە ئەمانەی خوارەوەن:

یەكەم: ئەو گەشتیارانەی كە سەردانی عیراق دەكەن دەبێت ھەڵگری كارتی وەرگرتنی ڤاكسینی (COVID – 19) بن و بیسەلمێنن كە دۆزی یەكەم و دووەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، جگە لەوەش دەبێت لەماوەی 72 كاتژمێردا پشكنینی (PCR)ی ئەنجام دابێت، بۆ ئەوەی بیسەلەمێنێت كە ھەڵگری پەتای كۆرۆنا نییە.

دووەم: پێویستە ھەمووان زیاتر پابەندبن بە رێنمایەكانی خۆپارێزیی، بەتایبەتیش دووركەوتنەوە لە تووشبووانی پەتای كۆرۆنا، بەركاھێنانی ماسك، دوورەپەرێزیی كۆمەڵایەتیی و پاكژكردنی دەستەكان بە بەردەوامی.

سێیەم: ھەڵوەشاندنەوەی ئەو جیاكارییەی دراوە كە پێشتر بۆ عەمرەكاران دەكرابوو و تێستی كۆرۆنایان بۆ نەدەكرا.

چوارەم: بە ئامانجی جێبەجێكردنی تەكنەلۆجیای زانیاری لە ئاسانكاریی رێوشوێنەكانی گەشتكردن، بەرگرتن لە ساختەكاری و پاراستنی زانیارییەكانی كارتی نێودەوڵەتیی وەرگرتنی ڤاكسین، بڕیاری ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان لەنێوان دامەزراوەكانی پاسپۆرت و تەندروستییی درا.

پێنجەم: وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سەرجەم پارێزگاكان لەگەڵ دامەزراوە تایبەتەكان پابەندكراون لەوەی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای تەندورستیی و سەلامەتی نیشتمانیی، ھەروەھا بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سەرجەم فەرمانگەكاندا جێبەجێ بكەن، چونكە تا ئێستا زۆربەی فەرمانگەكان، رێوشوێنەكانی خۆپارێزییان جێبەجێ نەكردووە و جگە لەوەش دەبێت بەداداچوون بۆ كارمەندەكانیان بكەن لەوەی بزانرێت ڤاكسینیان وەرگرتووە یان نا.

شەشەم: پێویستە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، ھەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كارتی ڤاكسین ساختە دەكەن.

حەوتەم: ھەر گەشتیارێك كارتی ڤاكسینەكەی ساختە بێت، یان پشكنیینی (PCR) پێ نەبێت، رێگای پێ نەدرێت گەشت بكات.

ھەشتەم: ھەمواركردنەوەی بڕگەی (دوو/١/ە) لە بڕیاری لیژنەی باڵای تەندورستیی و سەلامەتی نیشتمانیی ژمارە (٢٢) بۆ ساڵی ٢٠٢١، بۆ ئەوەی ماوەی سەردانی گەشتیاران لە بری حەوت رۆژ ببێت بە ١٤ رۆژ و رێگایش بە ھاتنی ئەو گەشتیارانە بۆ عێراق بدرێت كە ھەڵگری رەگەزنامەی ھیندستانن.

نۆیەم: راسپاردنی تۆڕی میدیایی عێراقی و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەوەی بەردەوامبن لە ھەڵمەتەكانی ھۆشیاركردنەوەی ھاووڵاتییان لەوەی زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی و ھاندانیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن