كوڕانی ئەنچیلۆتی كلاسیكۆی پێنجەمیان لەسەریەك بردەوە

وەرزش

13/01/2022     ژمارەی بینراو 300

راچڵەكین-

كوڕانی یانەی شاهانە پێنجەم كلاسیكۆی لەسەر یەكیان لەیانەی بارسێلۆنای ركابەریان بردەوەو خۆیان گەیاندە یاری كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانی

شەوی رابردوو، هەردوو یانەی ریال مەدرید بە رابەرایەتی كارلۆ ئەچیلۆتی و بارسێلۆنا بە رابەرایەتی كوڕی ماڵی چاڤی هێرناندز لەچوارچێوەی یاریەكانی جامی سوپەری ئیسپانیا، لەسەر یاریگەی شا فەهد، لە ریازی پایتەختی سعودیە رووبەڕووی یەكبوونەوە، دوای ركابەرییەكی زۆری نێوان هەردوولا، یانەی شاهانە بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەكەی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە.

گۆڵی یەكەمی یاریەكە لە خولەكی 25ی گێمی یەكەم لەلایەن ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ یانەی شاهانە تۆماركرا، بەڵام بەر لە كۆتاییهاتنی گێمەكە لوك دییۆنگ بە بە سوود وەرگرتن لەهەڵەیەكی ئیدێر میلیتا ئەنجامەكەی بۆ بارسێلۆنا یەكسانكردەوە.
 
لە خولەكی 72 ی یاریەكەدا كەریم بنزیما جارێكی دیكە تۆڕی یانەی بارسێلۆنای هەژاندو یانەی شاهانەی كردە خاوەنی گۆڵی دووەم، بەڵام ئەو خۆشییەی كوڕانی ئەنچیلۆتی بەردەوام نەبوو، بەر لەكۆتایی یاریەكە بەچەند خولەكێك ئانسۆ فاتی كە لە پێكان گەڕابووە، بەلێدانی سەر بارسێلۆنای كردە خاوەنی دوو گۆڵ یارییەكەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا، بەمەش هەردوولا پەنایان بردە بە كاتی زیادكراو.
 
لە گێمی یەكەمی كاتی زیادكراودا ریال مەدرید لە تۆماركردنی گۆڵدا سەركەوت، كاتێك فێدریكۆ ڤالڤێردی لە هێرشێكی پێچەوانەدا گۆڵی سێیەمی تۆماركردو یانە شاهانە بەسەركەوتن كۆتایی بەیاریەكە هێنا.

ریال مەدرید لە 6 یاریی رابردوودا بەرامبەر بارسێلۆنا نەدۆڕاوە، لە دوایین 5 یاریشدا لە كلاسیكۆدا لە یانەكەی بردووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن