حەمید بەدرخان، یان ئیندیانا جۆنس، نەخشەی كوردستانی گەورەیان چۆن گەیاندە سەرۆك مام جەلال؟

کەلتوور

10/02/2022     ژمارەی بینراو 432

راچڵەکین-

كاری رۆژنامەوانیی كارێكی پڕ مەترسییە، لە سەروبەندی روخانی رژێمی پێشووی عیراقدا لە ساتەوەختی پڕ مەترسی دروستبوونی دەیان گروپی تیرۆریستی و پەلاماردان و تاڵانكردنی بانكەكانی عیراق و دامودەزگاكانی ئەوكات لەلایەن خەڵكی نابەرپرسی ئەوكات و بوون بە ملیۆنێر، بۆ ئەوانەی ئەمڕۆ لەناو ئەو هەموو ئاشووب و هەڵایە دەژین.

جیاوازی بیروبۆچوونێك وەك (ئیندیانا جۆنس)گەڕیدە، شوناس و سنووری راستەقینەی كوردستانی گەورەی بیرهێنامەوە، كە چۆن (حەمید ئەبوبەكر بەدرخان ) بەرپرسی ئەكادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و كەلتور پاڵەوانێك بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو وەكو كارێك كە بۆ مێژوو جێگای شانازیی بێت.

حەمید بەدرخان جگە لەوەی سەرۆكی دامەزراوەی بەدرخانە. دوای ئازادكردنی شاری موسڵ ساڵی 2003 لە جەژنی رەمەزاندا وەك سەردانێكی كۆمەڵایەتی بۆ میوانی دەچێتە ماڵی براكەی بەناوی (فارس ئەبوبەكر) كە دانیشتووی شاری موسڵە، وەك كەلتوری ناوچەكە كەسێكی دراوسێیان بە ناوی (ئەبو عیماد) بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانیان دەكات و بەخێرهاتنی حەمید بەدرخان دەكات و دەزانێت كوردە و برای فارسە، ئەو بەناوی بنەماڵەكەیانەوە كە لە (عەشیرەتی المعماری)ین، یەكڕاست بە حەمید بەدرخان دەڵێت: ئەمانەتێكی كورد لای ئێمەیە 100 ساڵە پاراستوومانە، تۆش جێگای متمانەمان دەبیت، هەمان رۆژ سەعات دووی پاشنیوەڕۆ نەخشەی كوردستانی گەورە، كە لە چاپخانەكانی ئەمریكا لە لوبنان لە ساڵی 1897ی زاینی چاپكراوە لەسەر پێستی ئاژەڵ، دەهێنێت بۆ بەدرخان و نەخشەكە لە 16 پارچەی وەكو قەبارەی A4 جیاواز كە هەمووی پێكەوە درێژی مەتر زیاتر و پانییەكەشی حەفتا سانتیمەتر زیاتربوو.

بەدرخان گەوهەرەكەی خۆی دەستكەوت و رۆژی دواتر خۆی گەیاندە نووسینگەی هەڤاڵ مام جەلال و نەخشە مێژووییەكەی پێدان، ئەوەبوو لە رۆژی 9ی شوباتی 2004 كە بە رۆژی مورافەعە مێژووییەكەی سەرۆك مام جەلال ناودەبرێت، وەكو مێژوویەكی چەسپیوو و ئەمانەتێك بە ئەنجومەنی حوكمی عیراقی نیشاندا و سنووری ناوچە دابڕێنراوەكانی باشووری وەك بەڵگە خستەڕوو بە سێ پارچەكەی دیكەی كوردستانیشەوە. بەندە بەشێك لە فیلمێكی دۆكۆمێنتاری ئەم بابەتەم لەگەڵ بەدرخان دروستكرد بە ناوی (ژیانێكی تاریك )، لە ساڵی 2012.

گەورەیی و گەوهەری ئەوكارە بۆ نەوەی داهاتوو، مێژوونووسان و پاراستنی دەستنووس و ئەرشیفخانەی كوردی و جیهان، كارێكە هەرگیز بە سامانی دونیا بەراورد ناكرێت، بیرمان نەچێت گەر ئیندیانا جۆنس و پاڵەوانەكانی هۆڵیود خەیاڵین و دروستكراوی نووسەرانن، بەڵام پاڵەوانەكانی ئێمە راستەقینەن و لە ئەرزی واقیع بۆ شوناسی كوردبوون دەجەنگن، چونكە ئەوەی لە نزیكەوە كارەكانی حەمید بەدرخان بزانێت و ئاشنای بێت، ئینجا لەو كەسە تێدەگات كە چەند خاكیانە مامەڵە دەكات و لەخۆبردوانە كارەكانی دەكات و هەردەم دەڵێت: ئەو كارە و سەدان كاری دیكەمان كردووە كە ئەمانە كار و ئەركێكی ئەخلاقی بووە، چونكە من خاك و نەتەوە و نیشتمانی خۆمم خۆشدەوێت.

پڕۆژەی داهاتووشمان لەسەر هەمان بابەتە لەگەڵ حەمید بەدرخان، چونكە ئەو كارەی مشتێكە لە خەرواری كارە جوانەكانی. تەمەن باقی بێت، لە بەرنامەمدایە كە فیلمێكی بەڵگەنامەیی بەناوی (ئیندیانا جۆنس/موسڵ)، دروست بكەین كە حەمید بەدرخان رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت.

بەشدار هەژار
ئەڵمانیا 9/2/2022

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن