ئایا خواردنی سەوزە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكاتەوە؟

تەندروستی

21/02/2022     ژمارەی بینراو 506

راچڵەكین –

لە توێژینەوەیەكدا كە لە بەریتانیا ئەنجام دراوەو لە گۆڤاری "Frontiers in Nutrition" بڵاو كراوەتەوە، دەركەوتووە كە تەنها خواردنی سەوزە بەبێ گۆڕانكاری لە شێوازی ژیاندا، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمناكاتەوە.

كەناڵی "BBC" بڵاویكردەوە، توێژەرانی زانكۆكانی ئۆكسفۆرد، بیرستۆڵ و هۆنگ كۆنگ لە میانی توێژینەوەیەكدا كە لە رێگای بانكی بایۆی بەریتانی ئەنجامیان داوە، راپرسییەكیان لەگەڵ نزیكەی 400 هەزار كەس ئەنجامداوە و پرسیاری بەرنامەی خۆراكییان لێكراوە.

پرسیاری ئەوە لە بەشداربووانی راپرسییەكە كراوە كە رۆژانە چەند سەوزەی كاڵ و لێنراو دەخۆن، لەوەڵامدا بەشداربووان ئاماژەیان بەوە داوە كە رۆژانە بە تێكڕایی دوو كەوچكی قەڵاقوچكە سەوزە بە كاڵی و دوو كەوچكی دیكەیش سەوزە بە لێنراوی دەخۆن.

لە 12 ساڵی دواتردا، چاودێری بەشداربووان كراوە و لەوە كۆڵدراوەتەوە كە ئاخۆ تووشی كێشە تەندروستییەكانی دڵ بوون كە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان، دەركەوتووە ئەوانەی بەرزترین رێژەی سەوزەیان خواردووە بە بەراورد بە وانەی بە كەمترین شێوە سەوزەیان خواردووە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ لەسەدا 15 كەمتر بووە، توێژەران ئاماژەیان بەوە داوە كە بە تایبەت ئەمە لەو كەسانەدا بینراوە كە سەوزەیان بە كاڵی خواردووە.

تیشكیش خراوەتەسەر ئەوەی كە ئەم جیاوازییە بە تایبەت بە شێوازی ژیانی بەشداربووان، هەر لە بەرنامەی خۆراكییەوە بیگرە، تا دەگاتە كار، ئاستی داهات، خواردنەوەی مەی و جگەرەكێشان‌ دەتواندرێت رابگەیەندرێت.

توێژەران ئاماژەیان بەوە داوە كە لە توێژینەوەكەدا، كاریگەریی پارێزەرانەی خواردنی سەوزە لەسەر نەخۆشییەكانی دڵ دەرنەكەوتووە و ئاشكرایانكردووە كە رێكخستنەوەی بەرنامەی خۆراكیی بە شێوازی تەندروست، ئەنجامدانی وەرزش و گۆڕینی شێوازی ژیان، كاریگەری زیاتر دەكەنەسەر ئەم جۆرە نەخۆشییانە.

دكتۆر بێن لێیسی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد، جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەنجامەكانی توێژینەوەكە رۆڵی یارمەتیدەر دەگێڕێت لەبارەی دۆزینەوەی هۆكارەكانی خۆراك لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن.

لای خۆیشییەوە، پڕۆفیسۆر نەڤید ستار لە زانكۆی گلاسكۆ، رایگەیاندووە كە توێژینەوەكە بووەتە بەڵگەیەكی بەهێز لەبارەی ئەوەی خواردنی ئەو خۆراكانەی وەك سەوزە بە ریشاڵ دەوڵەمەندن كەمتر دەبنە هۆی زیادبوونی كێش و هۆكارە مەترسیدارەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكەنەوە.

پڕۆفیسۆر نەڤید ستار، بە تیشك خستنەسەر ئەوەی كە دەكرێت ئەنجامەكانی توێژینەوەكە مشتومڕی لەسەر بكرێت، بە پێویستی زانی كە بەپێی زانیارییەكانی ئەم توێژینەوە، پێشنیازی خواردنی لانیكەم پێنج جێ سەوزە و میوە لە رۆژێكدا گۆڕانكاری بەسەردا نەهێندرێت.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی پێشنیاز دەكات هەموو رۆژێك لانیكەم پێنج جێ سەوزە و میوە بخورێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن