بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

05/03/2022     ژمارەی بینراو 1666

راچڵەكین-

بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت:" زیاتر لە هەركاتێكی دیكە، سەركردەكانمان پێویستیان به بیستنی راستییەكان، و حوكمڕانییەكەمان پێویستی به پلانی ورد، حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێویستیان بە یەكڕیزی و خەباتی هاوبەش، و گەلەكەمان پێویستی به خزمەتگوزاری و پاراستن و پێشخستن هەیە."

ئەژی ئەمین، لەساڵیادی راپەڕینی گەلی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردووەتەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە:" گرنگه سەركردە سیاسییەكانمان وانه و پەند له مێژووی كۆن و نوێی كوردستان و جیهان وەربگرن و لێبڕاوانه و حەكیمانەتر لەگەڵ دۆخه ناوخۆیی و دەرەكییەكان مامەڵەبكەن و نەكەونە ژێر كاریگەری و بڕیاری وڵاتانی ئیقلیمی و خواستی دوژمنانی نەتەوەكەمان."

دەقی پەیامەكە/

لە ساڵیادی ڕاپەرینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١، پیرۆزبایی گەرم لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تەواوی خەڵكی قارەمانی كوردستان دەكەم.
‎ئەمساڵ، لەساتەوەختێكدا یادی ڕاپەڕین دەكەینەوە، كە زیاتر لە هەركاتێكی دیكە، سەركردەكانمان پێویستیان به بیستنی راستییەكان، و حوكمڕانییەكەمان پێویستی به پلانی ورد، حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێویستیان بە یەكڕیزی و خەباتی هاوبەش، و گەلەكەمان پێویستی به خزمەتگوزاری و پاراستن و پێشخستن هەیە. گرنگه سەركردە سیاسییەكانمان وانه و پەند له مێژووی كۆن و نوێی كوردستان و جیهان وەربگرن و لێبڕاوانه و حەكیمانەتر لەگەڵ دۆخه ناوخۆیی و دەرەكییەكان مامەڵەبكەن و نەكەونە ژێر كاریگەری و بڕیاری وڵاتانی ئیقلیمی و خواستی دوژمنانی نەتەوەكەمان . كاتی ئەوەیه بەرژەوەندی گەلەكەی خۆمان، گەورەتر و گرنگتر لە هەر خواستێكی تر، لەبەرچاوبگرین و لەبەرامبەر داواكاری و فشاری وڵاتانی ناوچەكە، پشتبەستوو به خوا و پشتیوانیی خەڵكی خۆمان، خۆڕاگر بین. عەقلی خۆمان نەدەینه دەست بڕیاری سەرپێی و بەرژەوەندیی باڵا و گشتی نەكەین به قوربانی دەسكەوته كاتییەكانمان.
‎لەم چركەساته مێژووییەدا، كه یادی راپەڕینی گەلێكی ژێر دەست بەرز رادەگرین، دەبێ هۆشیار بین لەبەرامبەر گۆڕانكارییه مەترسیدارەكانی ئایندەی نزیك له دژی قەوارەی دەستووریی هەرێم و، دوور له كێبڕكێی سیاسی، بزانین كه بڕیارەكەی دادگای باڵای ئیتحادی لەسەر پرسی نەوت، پاشخانی سیاسی هەیه و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، ئەم هەنگاوانەی نەیارانی گەلەكەمان نابێت بێ هیوامان بكات، بەڵكو گرنگه بە هەڵوێست و كاری هاوبەش مافە دەستووریەكانمان لە عێراق و مافی خەڵكیش لەناو هەرێم بپارێزین. 
‎لەم ساڵیادەدا، جەخت دەكەینەوە لە سووربوون لەسەر ئەو بنەمایانەی ڕاپەرینی هەڵگیرساند ؛ خەباتكردن لەپێناو پاراستن و ئازادیی گەلی كوردستان، ڕووبەڕووبوونەوەی جیاكاریی سیاسی و نەتەوەیی، كاركردن بۆ بنیادنانی نیشتمان و تێكۆشان بۆ سەربەخۆیی به مافی رەوا و رێی خەباتی نەپساوەمان دەزانین و تا گەیشتن به ئامانج بەرخۆدانی بۆ دەكەین.
‎دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان
٥-٣-٢٠٢٢

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن