مەرگی هەڵەبجە بە باروتە سێو

کەلتوور

15/03/2022     ژمارەی بینراو 323

هەموو ژیانی ڕابردووی بە وێنەی فیلمێكی سینەمایی لە چەند خولەكێكدا بۆ نمایش كردین. زانیار منداڵێكی بزێو و چالاك بوو ئەوكات تەمەنی تەنها حەوت بەهار بوو، پێش كارەساتەكە لەماڵێكی خنجیلانەی ئەو شارەدا دەژیا، زانیار ڕاهاتبوو ڕۆژانە بگەڕێتەوە ماڵەوەو دایكی بە زەردەخەنەیەكی تەڕ جانتاكەی بۆ دەگرت و خواردنی بۆ ئامادە دەكرد، دواتر لەگەڵ منداڵەكانی هاوڕێی لەكۆڵان یارییان دەكرد.

شانزەی بەهار بوو سەربازەكانی رژێم هەواڵی مەرگێكی چاوەڕوان نەكراویان دایە ئەو شارە، شەپۆلی مەرگ لە هەڵەبجە سەمای دەستپێكرد، ئەم شەپۆلە ڕۆحی پێنج هەزار فریشتە ئاسا لەگەڵ خۆی برد، بۆنی سێو گەرووی شاری تەنیبوو ئەمجارە بارەسێوەكەی شار بە باروت تەنرابوو. 
لەو ڕۆژەدا گوڵەكانی باخی میر هێور هێور پووكانەوە و نامۆبوون بەو ڕۆژە، بەهار لەهەموو شوێنێكی ئەم شارەدا چەتری هەڵدابوو، هەتاو لەو بەیانییەدا بەهێمنی وەك هێمنی پەرستگاكان هەڵهات، هەور لەو رۆژەدا دڵۆپە خوێنی لێ دەچۆڕا، خەڵكی شار نیوەی ژیانیان لەژێر زەمینەكاندا بەسەردەبرد، خەڵك نوقمی ترس و دڵەڕاوكێی داگیركاری سەرباز و پاسداران ببوون، لەو نێوەندەدا هەڵەبجە بوو بە قوربانی ئەو دوبەرەی تاوانكارییە بەتەنها جێما.

دوای ئەوە گەردە ڕوناكییەكی مەرگاوی تیژی پێچایە ئەو شارە جوانە و درەنگانێك گرمەیەكی توند لەو مەودایەدا بە ئاگر و تێزاب و بۆنی سێو شاری ڕەشكرد، زەوی بڵقی خوێنی ئەدا، ئەوەی زانیاری سەرسام كردبوو، تێكەڵ بەترس و دڵەڕاوكێ، نزمی ئەو فڕۆكانە بوو لە ئاست ڕووی زەوییەوە بۆمبیان ئەهاوێشت، هاوكات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمێكی سپی بەئاسماندا، لەگەڵ شنەبایەك كە ئارام ئارام تەمەكەی بە ئاسمانی شاردا بڵاوئەكردەوە، ئەو ڕۆژە چەند ساتێكی كەم پێش ئەوەی شەپۆلی مەرگ سەما دەستپێبكات، لەم شارە زانیار بەپەلە جلەكانی لەبەركرد و سەرنجێكی خێرای لە كاتژمێرە هەڵواسرا‌وەكەی سەر دیوارەكەی داو بەپەلە بە كەیف وخۆشییەوە ماڵئاوایی لەدایكی كرد.

 بەڵام زانیار ئەوە دواماڵئاوایی و دوا بینینی دایكی بوو، كە لەماڵە سپیە بچكۆلانەكەی لەژێر دار هەنارەكاندا هاتەدەرەوە، بەگەشتنی بۆناو ئاپۆڕای خەڵكەكە هەرخۆشی نەیزانی چۆن گەشتە ئەوێ، بینی پاسدار و یاوەرانی ئەو ناوەیان تەنیوە و دەهاتن و دەچوون.

زانیار بەرگەی ئەو دڵەڕاوكێیەی نەگرتوو بەرەو قەرەباڵغییەكە هەنگاوی نا، لەناو خەڵكەكەدا وەستا و هەستیكرد خەریكە دەخنكێ، بۆیە ناچاربوو لەگەڵ خەڵكەكە ڕێگای دەربازبوون بگرێت بەرەو قەراخی شار هەنگاوەكانی توندتركرد، بەڵام لەپڕ بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆماڵەوە‌‌، بەڵام چ گەڕانەوەیەك دەنگی گریان و هاواری منداڵ و گەنج و پیر گەشتە ئاسمان، تەنهایی باڵی بەسەر شاردا كێشا، ئەو ڕۆژە هەتاو لەلایەكی ترەوە هەڵهات.

زانیار گەیشتە بەردەرگای ماڵەوەو بینی شنروێی خوشكی سەری لەسەر تاشەبەردێك ناوەو شێوەی تەنكەنانێكی‌ بڕژاوی ئەداو جوڵەی نییە، ڕوو لە ئاسمان چاوەكانی لێكناوە، فرمێسكەكانی زانیار قەتیس بوون، هەربۆیە ویستی بەپەلە خۆی بگەیەنێتە دایكی و خوشك و براكانی وەك جاران ماچ لەسەر ماچ دایكی لە ئامێز بگرێ، بەڵام ئەمجارە ماچەكانی دایكی لەسەر قەیتانی لێوی خوشك و براكانی ووشك بوون، دار و بەرد بەستبووی چیتر زانیار نەیتوانی دایكی لەئامێز بگرێت، سەختترین ساتی ماڵئاوایی یەكجاریی خێزانەكەی بوو، هەموویان لەسەر تاشەبەردی ناو حەوشەكەیان ڕوو لە ئاسمان خەویان لێكەوتبوو، زانیار و چەندانی وەك زانیار بە تەنهایی لەناو ئاپۆڕای خەڵكدا بەرەو سنوور ڕێگای ڕزگاربوونیان گرتەبەر.

زانیار لەگەڵ دووركەوتنەوەی لەشار، لەگەڵ هەر هەنگاوێكیدا ئاوڕێكی ئەدایەوە بۆ شار، لەگەڵ دووركەوتنەی هەڵەبجە بچوكتر ئەبوویەوە، ئەو ساڵە مانگەكان كورت بوونەوە وەك كورتی تەمەنی پێنج هەزار فریشتەی بەجێماوی شار، مانگیش لەشانزەی بەهاریدا وەستا وەك وەستانی میلی كاتژمێرەكان شار كش و مات خامۆشبوو، زانیار بۆ كۆتاجار تەمەنی تەنها حەوت بەهار بوو، دایكی لەنەخۆشخانەكانی ئێران لەگەڵ شنروێی خوشكیدا بەهۆی سووتانیان بەگازی كیمیایی، گیانیان لەدەستدا و سەرجەم باوك و براكانی لەشار بەجێمان و ماڵئاوایی یەكجارییان كرد لەباوەشی ئەو شارە بەتەنها جێمان.

ئیدی زانیار بەتەنها جێما، ئاخۆ ئەبێت چ ئازارێكی سەخت و برینێكی قوڵ لە ناخی زانیار و منداڵە بێنەواكانی ئەم شارە بە جێمابێت؟ كە هەرگیز مەحاڵە ساڕێژبن، لەكاتێكدا قەدەر پەرتووكی بیركاری كوردی دڕاندو باخچەی ماڵەكەی ژەهراویكرد، لەمیراتی بەخشندەیی  باوەشی دایكی بێبەش بوو، چۆن بتوانێ ڕوخسار و زەردەخەنە وشكبووەكەی هاوڕێكەی لەیاد بكات كە لەنێو فریشتە نوستووەكانی ئەو شارەدا ڕوو لەئاسمان بوو، ئەو كارەساتە لەبیری زانیاردا لەپڕۆسەی خەوێكی بەكۆمەڵ دەچوو نەك راستی، خەڵكی ئەم شارە هەموو شانزەی بەهارێك برینەكانیان نوێدەكەنەوە لەبری ئەوەی ساڕێژیكەن، هەربۆیە دەربازبوونی كەسێك بەسە بۆ مانەوەی كارەساتەكان لەبیرەوەریاندا و تۆماركردنی لە مێژوودا.

بەڵام یادەوەری هیچ بەهایەكی نامێنێ ئەگەر كەس گوێ لە شایەتحاڵەكەی نەگرێ، ئەگەر هەوڵی ساڕێژبوونی برینی بەجێماوەكانی نەدرێت، زۆرێك لە مناڵە بێنەواو دەربازبووەكانی ئەم شارە سەرگەردانی غوربەت بوون، بوون بە هاوڕێی شۆستەكان و ناخیان وەك ناوسكی درەختێكی سووتاو كە هەمیشە سۆراخی سێبەرێك دەكات، یان چەشنی باڵندەیەك سۆراخی هێلانە ڕووخاوەكەی ئەكات.

شنۆ ئەحمەد

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن