بەردەڕەش؛ ژن و پیاوێك كوژران

کوردستان

21/03/2022     ژمارەی بینراو 1156

راچڵەكین-

لە رووداوێكدا لە گوندی گۆمەزەرد لە شارۆچكەی دارەتوو لە سنووری قەزای بەردەڕەش، ژن و پیاوێك لەنێو ماڵێكدا كوژران؛ بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش رایگەیاند: "بكوژەكە خۆی رادەستی هێزەكانمان كردووە." 
 
شێخ سەعدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: " كاتژمێر 3:00ی شەوی رابردوو، كەسێك خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیسی بەردەڕەش كردووە و وتویەتی ژنی مامی خۆی لەگەڵ پیاوێكدا كوشتووە. دواتر لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و بۆ پۆلیس پشتڕاستی كردووەتەوە كە پیاوەكە و ژنەكەش ئەو كوشتوونی." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش دەشڵێت، ئێستا تۆمەتبارەكە خۆی رادەستی پۆلیس كردووە و دەستگیركراوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ رووداوەكە كراوەتەوە. 
 
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەردەڕەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئەمڕۆ دووشەممە شەش كەس لە سنووری قەزاكە كوژراون. 
 
لەبارەی هۆكاری رووداوەكەش، بەڕێوەبەری پۆلیس بەردەڕەش ئاماژە بەوەش دەدات "زۆربەی زۆری رووداوەكانی كوشتن لەسەر كێشەی موڵك، ناموس و بەشێكیشیان بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە روودەدەن. بەڵام ئەم رووداوەی كە ئەمڕۆ روویداوە جیاوازە و كەسێك ژنی مامی خۆی كوشتووە و لەگەڵیشیدا كەسێكی دیكەی كوشتووە كە ئەمە پێشتر لەم سنوورە رووینەداوە."
 
پۆلیسی بەردەڕەش دەڵێت، ئەو پیاوەی لەگەڵ ژنەكە كوژراوە ماوەی مانگێك بوو ژیانی هاوژینی پێكهێنابوو، ژنەكەش كە كوژراوە سێ منداڵی هەن. هەردووكیشیان تەمەنیان لەنێوان 35 بۆ 37 ساڵ بووە.
 
تەرمی ژن و پیاوەكەش دوای رووداوەكە لە گۆڕستانی گوندی گۆمەزەرد بە خاكسپێردراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن