تەلەفزیۆنی فەرمی سوید پەیامنێرێك نانبڕاو دەكات

هەمەڕەنگ

20/04/2022     ژمارەی بینراو 440

راچڵەكین –

بەهۆی جنێودان بەو كەسەی كە قورئانی سووتاند، تەلەفزیۆنی فەرمیی سوید پەیامنێرێكی خۆی نانبڕاو دەكات و بەوە تۆمەتباری دەكات كە بنەمای بێلایەنیی پێشێلكردووە.

كەناڵی تەلەفزیۆنی (STV) كە كەناڵی فەرمیی حكومەتی سویدە، رایگەیاند كە بەهۆی پێشێلكردنی بنەمای بێلایەنی لەكاری رۆژنامەوانیدا، بڕیاریدا بە دەركردنی یەكێك لە پەیامنێرەكانی.

لە روونكردنەوەكەی ئەو كەناڵە سویدییە هاتووە، پەیامنێرەكەیان لەكاتی پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەسەر سووتاندنی قورئان لەلایەن راسموس بالودان، كە سەركردەی حزبێكی توندەڕەوی دانیماركییەو بە دژایەتیكردنی مسوڵمانان ناسراوە، قسەی نەشیاوی بە بالودان وتووە، ئەم رەفتارەش بە دەرچوون لە بنەمای بێلایەنی لە كاری رۆژنامەوانی دادەنرێت، كە كەناڵەكە پەیوەستە پێیەوە.

كەناڵەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە دوای پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو رەفتارەی پەیامنێرەكەیان، لیژنەكە بڕیاری كۆتایی داوەو پەیامنێرەكەش لەكارەكەی دەردەكرێت و چیتر بۆی نییە جارێكی تر لە (STV) كاربكاتەوە.

پەیامنێرەكەی كەناڵی (STV)ی سویدی لەكاردانەوەی سوتاندنی قورئان، لەكاتی پێشكەشكردنی راپۆرتەكەی، بە راسموس بالودان-ی وتبوو " باشترە بچیتەوە ماڵەوە هەی گەمژە"، ئەم دەستەواژەیەش بووە هۆی نانبڕاوكردن و دەركردنی لە كەناڵەكە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، راسموس بالودان-ی سەركردەی توندەڕەوی دژە ئیسلام، كە بە رەچەڵەك سویدییەو خاوەنی رەگەزنامەی دانیماركییە، لەشاری لینشوبینگ لە باشووری سوید، چنەد لاپەڕەیەكی قورئانی سوتاند، ئەم رەفتارەش كاردانەوەی توندی مسوڵمانەكانی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوەو لە خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتیدا لەگەڵ هێزەكانی پۆلیسی سوید پێكدا هەڵبژان كە برینداربوونی ژمارەیەك پۆلیس و سوتاندنی چەند ئۆتۆمیلێكی پۆلیسی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن