زیندانییەكی پێشووی گوانتانامۆ داوای ٣٥ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە كەنەدا دەكات

هەمەڕەنگ

24/04/2022     ژمارەی بینراو 585


راچڵەكین-

زیندانییەكی زیندانی گوانتانامۆ كە ١٤ ساڵی تەمەنی لەناو ئەو زیندانەدا گوزەراندوە، داوایەكی یاسایی دژی كەنەدا تۆمار كرد و تیایدا داوای ٣٥ ملیۆن دۆلار قەرەبوو، دەكات.

بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی "CBC"ی كەنەدی، سكاڵاكارەكە ناوی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی-یە و لە دادگای فیدراڵیی كەنەدا داواكەی تۆمار كردووە، لە داواكەدا باسی لەوە كردووە كە ١٤ ساڵ لە زیندانی گوانتانامۆ رووبەڕووی ئەشكەنجە و ئازار بووەتەوە و هۆكارەكەشی ئەوەبووە كە لایەنە بەرپرسەكانی كەنەدا زانیاری هەڵەیان لەبارەیەوە داوە.

محەمەدۆو ویلد سەڵاحی هاووڵاتییەكی ٥١ ساڵی مۆریتانییە و لە تشرینی دووەمی ١٩٩٩ەوە تا كانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە شاری مۆنتریاڵی كەنەدا ژیاوە، بەگوتەی خۆی لەو ماوەیەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە و لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دەستدرێژی كراوەتە سەر و زۆری لێكراوە بگەڕێتەوە بۆ مۆریتانیا.

باس لەوەش دەكات كە بەهۆی "زانیاری هەڵە"ی بەرپرسانی كەنەداوە، دەستگیر كراوە و براوەتە ئوردن و ئەفغانستان لە كۆتاییشدا بۆ زیندانی گوانتانامۆ، گواستراوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٢دا قۆناغی لێكۆڵینەوەكان بەرەو بەندكردنی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی چووە، ئەم قۆناغەش بەهۆی ئەوەوە دەستی پێ كردووە كە ناوبراو لەگەڵ ئەندامی ئەلقاعیدە و پلانداڕێژەری تەقینەوەكەی فڕۆكەخانەی لۆس ئانجڵێس، ئەحمەد رەسان لە یەك مزگەوت نوێژی كردووە، بەمهۆیەشەوە بەرپرسانی كەنەدا گومانی ئەوەیان لێكردوە كە پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد رەسان هەبووبێت.

محەمەدۆو ویلد سەڵاحی بانگەشەی ئەوەش دەكات كە دوای دەستگیركردنی لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، ئەشكەنجە دراوە و لە ئەنجامی ئەشكەنجەكاندا ناچاربووە ئەو تۆمەتانە قبوڵ بكات كە ئاراستەی كراون.

دوای ئازاد كردنیشی لە ساڵی ٢٠١٧دا، دەربارەی بیرەوەرییەكانی لە زیندان چەندین كتێبی نووسیوە. هەروەها سیناریۆی فیلمی “The Moritanian” كە لە ساڵی ٢٠٢١دا بەرهەمهێندراوە لە یەكێك لە كتێبەكانی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی-یەوە وەرگیراوە.

لە رابردووشدا دەزگا هەواڵگرییەكانی كەنەدا چەندن داوای یاساییان لە دژ تۆمار كراوە و لەو داوایانەدا ئەو كەسانەی بەهۆی زانیاری هەڵەوە رووبەڕووی زیندان و ئەشكەنجە بوونەتەوە، داوای قەرەبوویان كردووەتەوە، ئەو سكاڵاكارانەشی داواكانیان بردوەتەوە دەیان ملیۆن دۆلاریان وەك قەرەبوو لە حكوومەتی كەنەدا، وەرگرتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن