سلێمانی؛ کێشەی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک چارەسەر بووە؟

کوردستان

05/05/2022     ژمارەی بینراو 391

راچڵەكین-کۆچەر عەزیز

ماوەی چوار مانگە کۆمپانیاکانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری شایستە داراییەکانیان بۆ خەرجناکرێت، بەڵام بۆئەوەی کارەکانیان بەردەوامبێت لە رۆژانی جەژندا بڕێک پارەیان بۆ خەرجکرا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای خالید شینکیش دەڵێت:" بەڵێنیان پێداوین مانگانە پارەمان بۆ خەرجبکرێت بۆیە دەستمان بە کارکردن کردووەتەوە".

لەناو شاری سلێمانیدا سێ كۆمپانیا لە پێنج زۆندا رۆژانە كاری پاككردنەوە دەكەن و كۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ كۆمپانیاكانی پاكەرەوەی سلێمانی تەرخانكراوە یەك ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینارە.

خالید شینکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای خالید شینکی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥-٥-٢٠٢٢، لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" لە لایەن نووسینگەی بافڵ تاڵەبانییەوە پێش جەژن بڕی ٢٥٠ ملیۆن دیناریان پێداین و وتیان کارکردن رامەگرن بۆئەوەی شارەکە وێران نەبێت، بەڵام دوای جەژن بڕیارە مانگانە بڕێک پارەمان پێبدەن ئێستا چاوەڕوانی ئەوە دەکەین بزانین سەرەتای هەفتەی داهاتوو چیمان پێدەڵێن"..

وتیشی: ماوەی پێنج مانگە پارەمان بۆ خەرجناکرێت، بۆیە کرێکارەکان کارناکەن ئیشەکە وەستا، بۆ جەژن هەرچۆنێک بێت چەک و پینەیەکمان بۆ کردوون مووچەی کارمەندەکانمان پێدا، بەڵام لە دەرەوەی شار کارەکانمان راگرتووە تا شایستە داراییەکانمان بۆ خەرج نەکەن کار ناکەین".

شینکی ئاماژەی بەوەشکرد:" پێش جەژن بەڵێنیان پێداوین بۆ لەمەودوا مانگانە بڕێک پارە کە بەشی خزمەتگوزارییەکانمان بکات بۆمان خەرج بکەن، بۆیە  چاوەڕێ دەکەین بزانین چۆن دەبێت و بە چ میکانیزمێک خەرجی دەکەن بۆمان".

دەربارەی ئەوەی کە ئایا حکومەت بەڵێنی پێداون وتیشی:" حکومەت هیچ گرنگی نادات بە سلێمانی، ئەوەتا هەولێر و دهۆک پارەی خۆیان بۆ خەرجدەکرێت و هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام پارە لە سلێمانی نییە کاتێک دەچینە بانکەکان دەڵێن پارە نییە، بۆیە تەنها نوسینگەی کاک بافڵ بەڵێنی پێداوین".

کۆمپانیای خالید شینکی بەشێکی ناوشار و دەرەوەی شاری سلێمانی پاکدەکاتەوە و نزیکەی هەزار کارمەندی هەیە، هەروەها زیاتر لە ١٠٠ ئامێری وەک شۆفڵ و حەفارە و مەکینە و گسکی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی هەیە.

لای خۆشییەوە شکار شۆڕش، جێگری بەڕیووەبەری کۆمپانیای شکار ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ راچڵەکین وتی:"  پێش جەژن بڕە پارەیەکیان پێداین بۆئەوەی  لە رۆژانی جەژندا كارەكان رانەگیرێت، بۆیە ئێستا چاوەڕێ دەکەین بزانین رۆژی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو چیمان پێدەڵێن ئەو بڕە پارەیە چەندە کە مانگانە بۆمان خەرجدەکەن، تا ئێمەش قسەی تەواوەتی خۆمان بکەین و بڕیار بدەین کە کار دەکەین یاخود نا"

كۆمپانیای شكار ناوشاری سلێمانی و هەردوو ناوچەی دووكان و چەمچەماڵ پاكدەكاتەوە و نزیكەی  ٧٨٠ كرێكار و ٣٥٠ كارمەندی هەیە.

پێشتر وەزارەتی دارایی بە نووسراوێك بڕیاری خەرجكردنی سەدا ٦٠ی پارەی كۆمپانیاكانی داوە، بەڵام لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوووە بە نووسراوێكی تر بەبیانووی دابینكردنی مووچە خەرجكردنی پارەكە ڕاگیراوە.

رۆژی ٧-٤-٢٠٢٢، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی بڕی (٥،٨٧٤،٣٧٢،٠٠٠ ) دینار بۆ پڕۆژەی خاوێنكردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاكی پارێزگای دھۆك، گوژمەكە لەسەر بودجەی ئاسایی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دھۆك خەرج دەكرێت.، بۆ ماوەی یەك ساڵ كە لە ڕێكەوتی ١-٩-٢٠٢١ تاوەكو ٣١-٨-٢٠٢.

ئەوە لە كاتێكدایە كە رۆژی ٨-٤-٢٠٢٢، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢وە،  ١٤ ملیار و نۆسەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە، هەروەها حەوت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان و خەرج كراوە.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵیشدا بافڵ تاڵەبانی ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بە قەرز دایە كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك، بەڵام ئەوان ئەو كات رایانگەیاند، ئەو بڕە پارەیە بە زەحمەت بەشی مانگێكیان دەكات.

بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی حەوت هەزارو ٢٠٠ تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە‌و فڕێ دەدرێت كە لە سلێمانی بڕی ٢ هەزارو ٧٢٠ تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە، كە رێژەی ٣٨%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن