راچڵەكین
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی نوێی كوردی، شاڵاو كۆسرەت ڕەسول ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم كوردستانیانی ناوەوەو دەرەوەی وڵات دەكات و داواش دەكات ساڵی تازە بكەنە دەرفەتی ئاشتبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و وەلانانی ململانێ حزبی و شەخسییەكان.
دەقی پیرۆزباییەكە:
سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ساڵیادی ڕاپەرینی كەركوك لە سەرجەم كوردستانیان لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات پیرۆز دەكەم و ئاواتەخوازم ساڵی تازەی كوردی، ساڵی بەختەوەریی و سەرفرازیی بێ بۆ گەلەكەمان.
ئەمساڵ هەموومان لەپێناو پاراستنی تەندروستیمان لەنێو ماڵەكانی خۆماندا یادی نەورۆز دەكەینەوەو خۆمان و ماڵ و منداڵ دەپارێزین لە مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
ئەم یادە پیرۆزە نەتەوەییە بە دەرفەت دەزانم لەبەرامبەر خەباتی نەپساوەی گەلەكەمان و خوێنی شەهیدان و تێكۆشەرانمان، ساڵی تازە بكەینە دەرفەتی ئاشتبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و وەلانانی ململانێ حزبی و شەخسییەكان، هاوكات هاوكارو پشتیوان بین تا پێكەوە ئەم قەیرانانە تێپەڕێنین و باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی گەلەكەمان بكەین و هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكان بدەین.
دووبارە جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی تازەی كوردی لەسەرجەم كوردستانیان بەگشتی و تیمە پزیشكییەكان و پزیشكان و كارمەندانی ناوخۆو هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش بەتایبەتی دەكەم، كە لەم دۆخەی كوردستان ماندوونەناسانە كاردەكەن بۆ پاراستنی گیان و ژیانی هاونیشتمانیان.
شاڵاو كۆسرەت ڕەسول
ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان