ئەردۆغان هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەندامبوونی سویدو فنلەندا لە ناتۆ ئاشكرا دەكات

جیهان

13/05/2022     ژمارەی بینراو 415

راچڵەكین –

سەرۆك كۆماری توركیا بەناڕاستەوخۆ رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی رەزامەندی بدات لەسەر داواكاری سویدو فنلەندا بۆ بوون بەئەندامی ناتۆ، راشیدەگەیەنێت، نامانەوێ هەمان هەڵەی ئەندامیەتی یۆنان لە ناتۆ دووبارە بكەینەوە.

ئەمڕۆ هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی توركیای لەبارەی خواستی سویدو فنلەندا بۆ بوون بە ئەندام لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئاشكراكردو وتی:" چاودێری دۆخەكە دەكەین، بەڵام بە ئەرێنی لە خواستی ئەو دوو وڵاتە ناڕوانین".

ئەردۆغان بەناڕاستەوخۆ دژایەتی خۆی بۆ ئەندامیەتی سویدو فنلەندا لە ناتۆ نیشانداو رایگەیاند:" حكومەتەكانی پێشووی توركیا هەڵەیان كرد كاتێك رەزامەندییان دەربڕی بۆ بەئەندامبوونی یۆنان لە ناتۆ، هەمووشمان هەڵوێستەكانی ئەسینامان لەدژی توركیا لەبەرچاوە دوای ئەوەی بووە ئەندامی ناتۆ".

سەرۆك كۆماری توركیا كە وڵاتەكەی یەكێكە لە ئەندامانی ناتۆ، ئاماژەی بەوەكرد كە نایانەوێ هەمان هەڵە دووبارە بكەنەوەو رێگە بە هاتنی وڵاتانی ئەسكەندەنافیا بۆ ناتۆ بدەن كە بوونەتە شوێنی داڵدەدانی تیرۆریستان، لەوبارەیەوە وتی:" سوید یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بووەتە میوانخانە بۆ ئەندامانی پەكەكەو ئەندامیشیان هەیە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، هەربۆیە ناتوانین بە ئەرێنی لە خواستی سوید بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ بڕوانین".

لێدوانەكەی ئەردۆغان لەكاتێكدایە هەریەك لە سویدو فنلەندا خواستی خۆیان نیشاندا لە داهاتوویەكی نزیكدا بە فەرمی داواكاری بۆ بوون بەئەندام لە ناتۆ پێشكەش بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن