وەزیری ناوخۆ بەشێك لەداهاتی هاتووچۆی سلێمانی دەباتە هەولێر

کوردستان

13/05/2022     ژمارەی بینراو 283

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان

راچڵەكین –

پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئاشكرایدەكات، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم كە لەسەر پشكی پارتییە، 20%ی داهاتی تازەكردنەوەی ساڵانەی هاتوچۆی سلێمانی دەخاتە سەر ژمارە بانكییەكی هەولێر.

سەركۆ ئازاد گەلاڵی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاندووە، بە ئیمزای رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داهاتی هاتوچۆی ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، دەبرێتە سەر ژمارە بانكییەك لە هەولێر، كە ئەمەش بەڵگەو هەوڵێكە بۆ نەهێشتنی داهات لە بەڕێوبەرایەتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین گوستنەوەی بۆ هەولێر و كەمكردنەوەی داهاتی سلێمانی.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی كە پەرلەمانتارەكەی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە، وەزیری ناوخۆ گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەك واژۆ كردووە، كە دەبێت (20%) هەموو داهاتی ساڵانەی تازەكردنەوەی توندوتۆڵی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین، بچێتە سەر حسابێكی تایبەت لە هەولێر.

بەگوێرەی گرێبەستەكە، تا 15 ساڵی تر هیچ كەس و كۆمپانیەك ناتوانێ گەراجی پشكنین و توندوڵی ئۆتۆمبێل (هەزە) لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دابنێت و وەربگرێت.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی لەبارەی گرێبەستەكەوە رایگەیاندووە، ئەمە لەلایەك قۆرخكارییەو لەلایەكیش پیلانێكە بۆ كەمكردنەوەی داهاتی سلێمانی.

هەر بەپێی گرێبەستەكی وەزیری ناوخۆ، كۆمپانیای (توندوتۆڵ) دەبێتە چەتری كۆكردنەوەی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لەم سنورە مۆڵەتیان وەرگرتووە لە پێشوودا بۆ دەستبەسەراگرتنی داهاتی ئەو كۆمپانیایانە و بەڕێوبەرایەتییەكانی ناوچەكانی سنوری سلێمانی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن