راچڵەکین-
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا ئاماری کوژراوانی سەربازانی رووسی لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئەمڕۆ، راگەیاند و دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە ٢٧ هەزار سەرباز کوژراون.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٠٠ سەربازی دیکەی رووسیا کوژراون و لەسەرەتای جەنگەوە تا ئێستا ٢٧ هەزار و ٢٠٠ سەربازی رووسیا کوژراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگیی، ١٦٣ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٢١٨ تانک، دوو هەزار و ٩٣٤ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ٥٥١ تۆپهاوێژ، ١٩٥ مووشەک هاوێژ و ٨٨ سیتسمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا، تێکشکێندراون.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا ئاماژە بەوەشدەکات کە رووسیا دوو هەزار و ٥٩ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، ٤١١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١٣ کەشتی و یەختی خێرایی مامناوەندی لەدەستداوە، هەروەها توانراوە ٩٥ مووشەکی ئاڕاستەکراوی سوپای رووسیا لەلایەن یەکەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە تێکبشکێنرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگری روسیا پێشتر بڵاویکردەوە هەزار و ٣٥١ سەربازییان لە ئۆکراینا کوژراون.