ناكۆكی دەكەوێتە نێوان فەڕەنساو ئۆكراینا

جیهان

14/05/2022     ژمارەی بینراو 437

راچڵەكین –

بەهۆی لێدوانێكی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینا، گرژی دەكەوێتە پەیوەندییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ فەڕەنسا، حكومەتی پاریسیش رەتیدەكاتەوە ئیمانوێل ماكرۆن لە جەنگی نێوان رووسیاو ئۆكراینا، داوای كردبێت سازش بۆ مۆسكۆ بكرێت.

كۆشكی سەرۆكایەتی فەڕەنسا (ئەلیزێ) راگەیاندراوێكی لەبارەی لێدوانەكانی سەرۆكی ئۆكراینا بڵاوكردەوەو وێڕای رەتكردنەوەی ناوەڕۆكی لێدوانەكە، راشیگەیاندووە،  ئیمانوێل ماكرۆن بەبێ ئاگاداری زێلێنسكی لەبارەی ئۆكراینا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین نەكردووە.

كۆشكی ئەلیزێ جەختی لەوەكردووەتەوە كە بە پێچەوانەی بانگەشەی زێلێنسكییەوە، ماكرۆن نەیویستووە سازش بۆ رووسیا بكرێت، بەڵكو هەمیشە باسی لەوە كردووە كە ئەوە كاری ئۆكراینییەكانە مەرجەكانی دانوستان لەگەڵ رووسەكان دیاری بكەن.

لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی Rai 1ی ئیتاڵی، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی هەڵسەنگاندنی بۆ لێدوانەكانی ماكرۆن كرد لەبارەی دۆزینەوەی رێگای دەرچوونی رووسیا.

زێلێنسكی جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە پێویست بە گەڕان ناكات بۆ رێگای دەرچوونی رووسیا و، ووتی:" ماكرۆن لە خۆڕا ئەوە دەكات، كاتێ رووسیا ئەوە ناخوازێت و تێنەگات ئەوە بۆ خۆی پێویستە، هیچ شتێك ناكات بۆ راگرتنی جەنگ و بە دوای رێگای دەرچوونیشدا ناگەڕێت''.

سەرۆكی ئۆكراینا وتیشی:" من لەو باوەڕەدام سەرۆك كۆماری فەڕەنسا خوازیاری بەدەستهێنانی هەندێ ئەنجامی نێوەندگیرییە، بەڵام ئەوەی دەستنەكەوت كە بەدوایدا دەگەڕا".

زێلێنسكی جەختی لەوەشكردبووەوە كە وەك ئۆكراینا سازش لەسەر سەروەرییان بۆ رزگاربوون ناكەن و دروستیش نییە هەندێ سەركردە، كە "مەبەست لێی ماكرۆنە" هەندێ شتم فێر بكەن لەبارەی سازشكردن لەسەر سەروەریی بۆ رزگاربوون لە دیدی پوتین.

رەخنەكانی سەرۆكی ئۆكراینا لە سەرۆكی فەڕەنسا، لەكاتێكدایە ناوبراو پێشتریش رەخنەی توندی لە ئەڵمانیا گرتبوو كە وەك پێویست هاوكاری و پشتگیریان ناكەن لە شەڕی دژ بە رووسیا و بەرژەوەندی خۆیان پێشدەخەن، ئەو لێدوانەش كاردانەوەی توندی حكومەتی بەرلینی لێكەوتەوە كە لەسەرەتای هێرشە سەربازییەكانی رووسیا، پشتیوانی دارایی و لۆجیستیان پێشكەشی ئۆكراینا كردووە.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن