ناتۆ لەبارەی ئەندامبوونی سویدو فينلاند وەڵامی توركیا دەداتەوە

جیهان

19/05/2022     ژمارەی بینراو 533

راچڵەكین –

سكرتێری گشتیی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) پشتیوانی لە هەڵوێستی توركیا بەرامبەر داواكاری ئەندامبوونی سویدو فينلاند لە هاوپەیمانییەكە دەكات و رایدەگەیەنێت: پێویستە نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا لەبەرچاو بگیرێن و تاكە رێگاش بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە، دانیشتن و گفتوگۆكردنە بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەكی ھاوبەش.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ میتە فریدریكسن سەرۆك وەزیرانی دانیمارك، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.

سكرتێری ناتۆ باسی لە داواكاریی سوید و فینلاند بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ كرد و وتی: "دەبێت نیگەرانییە ئەمنییەكانی سەرجەم ھاوپەیمانان لەبەرچاو بگیرێن، لەو بڕوایەدام لە ماوەیەكی كورتدا لە بابەتی بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ دەگەینە بڕیارێكی ھاوبەش".

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەشكرد، جاری وا ھەیە لەنێو ٣٠ ھاوپەیمانی ناتۆدا جیاوازیی روودەدات، بەڵام دەتوانرێت گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و تێبپەڕێندرێن.

سەبارەت بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوە كردەوە كە جگە لە توركیا، لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی ناتۆ لە پەیوەندیی نزیكدان و رایگەیاند: "تاوتوێی ئەو نیگەرانییانە دەكەین كە توركیا باسی لێوە دەكات، كاتێك كە ھاوپەیمانێكی گرنگی وەكو توركیا نیگەرانییە ئەمنییەكانی دەخاتەڕوو، تاكە رێگا بۆ چارەسەركردنی، لەگەڵیدا دانیشتن و گفتوگۆكردنە بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەكی ھاوبەش".

لەدوای بڕیارەكەی سویدو فنلاند بۆ پێشكەشكردنی داواكاریی ئەندامبوون لە ناتۆ، توركیا بەفەرمی رایگەیاند كە دەنگ بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە نادەن، تا ئەوكاتەی مەرجەكانیان جێبەجێ دەكەن، كە بریتییە لە بەتیرۆرناساندنی پەكەكەو كۆتایی هێنان بە هاوكارییەكانیان بۆ ئەو رێكخراوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن