جەبار فەرمان چۆن وەڵامی نەوشیروان مستەفای دایەوە

کەلتوور

21/05/2022     ژمارەی بینراو 1735

راچڵەكین –

بڵێسە جەبار فەرمان، كچی شەهیدی سەركردە جەبار فەرمان، دەقی ئەو نامەیەی باوكی بڵاوكردووەتەوە، كە لە 28-12-1989 وەك وەڵامێك بۆ نامەكەی نەوشیروان مستەفا، ئاراستەی كردبوو.

لە نامەكەدا كە یەكەم جارە بڵاودەكرێتەوە، جەبار فەرمان بۆ نەوشیروان مستەفای نوسیوە:" خەڵك لە ئەزمەو لێقەوماندا ئەناسرێ و مەعدەنی راستەقینەی دەرئەكەوێ،
كاك حەمەتۆفیقت كردۆتە پەیامبەری خۆت، كە لەم شۆڕشەدا نیو ھەندەی كادرێك زەحمەتی نەكێشاوەو ماندوو نەبووە.

دەقی نامەكە:

برای بەڕێزم كاك نەوشیروان

سڵاوێكی گەرم لەگەڵ رێزو ئەحواڵ پرسینمان بۆ ھەموو برادەران.

سەبیحە سڵاوی ھەیەو كچەكان لەمەكتەب دامەزراون و ھەتا رادەیەك لەگەڵ ئاوارەگی راھاتوون. برایەكیان بۆ لەدایك بو زۆر پێ دڵخۆشن، نامەكەی جەنابتان گەیشت ھەرچەندە پڕە لە گلەیی بەڵام بەسەركردنەوەكەتمان پێ خۆشبوو زۆر سوپاس.

راستە ماوەیەكە خەڵك كەوتۆتە قسەو باس لەسەر ھەمومان و جەنابت بەتایبەتی، دیارە لێقەومان و دەربەدەری و دەستكورتی لەلایەك و لەسەروی ھەمووشیانەوە شكست و ... كەموكورتی خۆمان.. لاوازی رێكخستن.. نزمی ئاستی كادرەكان.. نەبوونی ئۆرگان و بڵاوكراوە وەك خۆراكی فكری، رەفتارەكانی ساڵانی رابردوی خۆمان لەگەڵ كادرو پێشمەرگەو جەماوەر......ھتد بۆتە ھاندەر بۆ گلەیی و گازندەو بگرە قسەو قسەڵۆكیش لەسەرمان دەشم زانی ناكۆكی ناو كۆمیتەكەمان وا ئەكات بەشێكی ئێمەش بگرێتەوە.

لێرەدا من خۆم خانەقینیم كابرای پێشوش خانەقین بو.. لە شیعەشدا تەقیە باوە بۆیە سوێندو پاكانە بەپویست نازانم ئەوەندە ئەڵێم قسەو باسەكان ھی زۆربەی كادرو پێشمەرگەو ئاواروكانی ناو ئۆردوگان، كە پێش سەفەری جەنابت ھەر ھەبوون.. ئێستاش ھەر ھەیە. نەك ھی من. 

بەنیسبەت برادەرانی زیندانەوە.. یادگاری شەوان و رۆژانی تاریكی زیندان و دیلی، پاشان تاقیكردنەوەی خەباتی دە ساڵەی رابردووی ناو شۆڕش.. پاكی و دڵسۆزی و لەخۆبوردوبونیان وای لێ كردوم جگە لە ھاوڕێیەتی و ھاوسەنگەری بوون بەكەس و كارو برام. دیارە وەك خەڵكانی تری ناو شۆڕش ئێمەش بێ كەموكوڕی نین، لێرەدا رێگا بەخۆم ئەدەم بیری جەنابت بخەمەوە ( ئەگەرچی بە رێكەوتیش بەسەر زمانی جەنابت دا نەھاتوەو بەر گوێم نەكەوتوە) كە ھێزی ئەساسی راماڵینی تەكتلی ناو كۆمەڵە ھاوڕێیانی زیندان بوون، وە لەو سەردەمە كۆڵەكەیەكی ئەستور بوون بۆ جەنابت و ئێستاش نەك ھەر تەكتل نین بەڵكو بە دڵنییایەوە دەڵێم ھەمان كەسن، وە ھەمان ھەڵوێستی دڵسۆزانەیان ھەیە بۆ كۆمەڵەو شۆڕش و ئەنتی تەكتلن. جێی داخە دۆستی و برایەتی و ھاوڕێ خۆشویستنیان بە جۆرێك لە تەكتل دا ئەنرێ. خۆشم وەك جاری پێشوو خۆم كردە كەوا سوری بەر لەشكر بۆ راماڵینی تەكتل بەھەمان حەماسەوە بەگژ ھەموو جۆرە تەكتلێكدا دەچم لەناو كۆمەڵە سەر ھەڵبدات.

باسی رێزو تەقدیری تایبەتیت كردوە بۆ من زۆر سوپاس بەڵام خۆم بە پێچەوانەوە ھەستم كردوە، ئەوەی ئاشكرایە ھەمیش لەدوای برادەرانەوە حسابم بۆ كراوە رێزو حورمەتی تایبەتم ھەیە بۆ ھاوڕێیانی سەركردایەتی بە راستی پیاوی تێكۆشەرو ماندون.. پێم وایە منیش شان بەشانی ئەوان رەنجم كێشاوەو ماندوو بوم، كەچی لەبەر نەبوونی متمانەی جەنابت بەمن ھەمیشە جێگام پەراوێزی مەسەلەكان و كارەكان بوە. وە بگرە نەك ھەندەی ئەوان حورمەتتان لێ نەگرتوین و جێ متمانەتان نەبوین بەڵكو زۆر جار لە خانەی دوای كاكە حەمەشەوە دانراوین كەلەم شۆڕشەدا نیو ھەندەی كادرێك زەحمەتی نەكێشاوە. ماندو نەبوە. ساڵێك لەدەزگای رێكخستن بو ھیچ سەنگ و رەنگێكی نەبوو.. 

كۆبونەوەكانی لەگەڵ كادرەكان لەسەربانی مەقەڕ ئەنجام ئەدا ھاوڕێیانی ئەندامانی دەزگا گلەیان لێ كردبوو، گوتبوی وا باشە لەھاوین لەبەر گەرمای ھەتاو تاقەتی نامێنێ و لە زستانیش لەبەر سەرما ئیتر درێژە بەقسەكانی نادات و لەكورتی تەواو ئەبێ، ئابەم جۆرەیە كادری پەروەردە ئەكرد، پاشان ساڵ و نیوێك لە رێكخراو ( ئەوە ئێمە پیاوی نەوێنەوارو زمان نەزانین) ئەی كاكە حەمەت ئینگلسی زان و چەندن زمان زان چەند سیمینارودەورەی بۆ كادرەكانی كردەوە، ئەوەشی نەئەكرد، وەك ئێمەی نەخوێنەواری كردبایا بۆ ( شەریك شعوری)سەردانی یەك لەكەرتەكانی سنوری رێكخراوەكەی بكردبایا نەك بۆ نامە بردنێك سەفەری ھەموو ئەوروپای بكردبایا. خۆزگە چاوێكت لێ ئەبوو، ئەمجارەی كە ھاتەوە بەحیسابی پەیام ھێنەری جەنابت بو لەسەر گەمەو فیشقیاتی كاك قادر لەگەڵ من كە بۆ خۆشی بوو چۆن كۆبونەوەكەی سوك كردو بۆ چ ئاستێكی نزم دابەزی.. خۆی ریسوا كرد. ناتوانم لەم نامەیەی بۆ جەنابتی دەنوسم باسی بكەم ھەندە شەرم و شورەییە دڵنیام لێرە بویتایا نفرەتت لێ ئەكرد، خۆزگە كاك عمر فتاح و كاك فریدون وەك چحن بوە بۆیان باس ئەكردی.

كۆتایی نامەكەم بە كۆتایی نامەكەی جەنابت دێنمەوە، زۆر راستە ( خەڵك لە ئەزمەو لێقەوماندا ئەناسرێ و مەعدەنی راستەقینەی دەرئەكەوێ) وە بەمتمانەووە ئەڵێم ئێمەش وا ئەكەین و وا ئەبین بە تایبەتی ئەركی ئەو كۆمیتەیەش بە من سپێردراوە كە سەرپەرشتی ھێزی خوارەوە ئەكات و بەشێك لە قورسایی ھەڵسانەوەی شۆڕش ئەكەوێتە ئەستۆمان..

بەم كارە ئەگەڕێمەوە ناو شۆڕش وەك كارەكانی جارانم لەپەراوێزەوە نابین و بەدڵ و بەگیان ھاوكاری برادەران ئەكەین و بێ كێشە.

دووبارە سوپاس بۆ بەسەركردنەوەكەتان

ھەربژین

براتان
جەبار فەرمان
١٩٨٩/١٢/٢٨

 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن