رەشپێستەكانی ئەمریكا ترسیان لە هێرشی رەگەزپەرستی هەیە

جیهان

22/05/2022     ژمارەی بینراو 178

راچڵەكین-

راپرسییەك كە لە ئەمریكا ئەنجامدراوە، دەریدەخات، لەدوای ئەو هێرشە چەكدارییەی لە سوپەرماركێتێكی شاری بوفالۆ لە نیویۆرك كرایە سەر رەشپێستەكان، رادەی نیگەرانیی هاووڵاتییانی ئەمریكی-ئەفریقی سەبارەت بە مەترسییە رەگەزپەرستیەكان زیادی كردووە.

راپرسییەكی واشنتۆن پۆست-ئیپسۆس ئاماژەی بەوە داوە، لەهەر ١٠ هاووڵاتیی رەشپێست، هەشت كەسیان لە دوای ئەو رووداوەی بوفالۆ كە تیایدا ١٠ كەس كوژران، دەترسن لەوەی رووبەڕووی هێرشی رەگەزپەرستی ببنەوە.

ئەو هاووڵاتییە ئەمریكی-ئەفریقییانەی بەشداریان لە راپرسییەكەدا كردووە، هاوڕان لەسەر ئەوەی كە لە دوای خۆپیشاندانەكانی كوشتنی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسەوە، هەڵسوكەوتی پۆلیس بەرامبەر رەشپێستەكان زۆر كەم پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە.

لە دوای هێرشەكەی بوفالۆ كە تیایدا ١٣ كەس كوژران لەوانەش ١١یان رەشپێست بوون، تەنیا سەدا ١٠ی كوتلەی ئەمریكی-ئەفریقایی ئومێدەوارە لە قۆناغێكی ژیانیاندا كێشەی رەگەزپەرستی چارەسەر بكرێت، بەڵام زۆرینەیەك كە سەدا ٥٣ە باس لەوە دەكات دۆخەكە خراپتر دەبێت.

بەپێی راپرسییەكە، 70%ی رەشپێستە ئەمریكییەكان پێیانوایە لانیكەم نیوەی ئەمریكییە سپیپێستەكان باوەڕیان بە باڵادەستی سپی پێست هەیە و 75%شیان باڵادەستی سپیپێستەكان بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خۆیان دەبینن.

63%ی ئەو رەشپێستانەی وەڵامی پرسیارەكانی راپرسییەكەیان داوەتەوە باس لەوە دەكەن كە ئاسان دەست گەیشتن بە چەك كار ئاسانی كردووە بۆ ئەو كەسانەی تاوان ئەنجام دەدەن، 57%یشی هاوڕان لەسەر كەسایەتی خێزان و شێوازی بەخێوكردن كە كاریگەری لەسەر ئەو تاوانانە هەیە.

هەروەها 52%ی ئەمریكییە-ئەفریقاییەكان باس لەوە دەكەن كە تۆڕی كۆمەڵایەتیی هاوكاری زۆرن بۆ ئەنجامدانی تاوان و سەدا ٤٥یشیان پێیان وایە لە خوێندنگەكاندا بەپێی پێویست باس لە سنگفراوانی و لێبوردەیی ناكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن