٢٠ وڵات بە رەوانەكردنی چەك هاوكاری ئۆكراینا دەكەن

جیهان

24/05/2022     ژمارەی بینراو 161

راچڵەكین-

وەزیری بەرگریی ئەمریكا، رایگەیاند، ٢٠ وڵات بە رەوانەكردنی چەك هاوكاری دیكە پێشكەش بە ئۆكراینا دەكەن.

ڵۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی و جەنەراڵ مارك میللی، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا، لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی و بەرگریی ٤٧ وڵات بەشدارییان لە كۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندیی بەرگریی ئۆكراینادا كرد.

دوای كۆبوونەوەكە كە بەشێوەی ئۆنلاین لە رێگای ئینتەرنێت ئەنجام درا ئەو دوو بەرپرسە ئەمریكییە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا، ڵۆید ئۆستن تیشكی خستە سەر ئەوەی كە دوای كۆبوونەوەی پێشوو، ئەمجارە نەمسا، بۆسینا هەرزەگۆڤینا، كۆسۆڤۆ، كۆلۆمبیا و ئێرلاندایش بەشدارییان كرد.

ڵۆید ئۆستن لەبارەی پێداگیری وڵاتانی بەشدار لە كۆبوونەوەكە بۆ هاوكاریكردنی ئۆكراینا، وتی: "ئامادەیی دەربڕین بۆ رەوانەكردنی هاوكاری دیكە بۆ ئۆكراینا زۆر مایەی دڵخۆشییە. ٢٠ وڵات رایانگەیاند كە بە رەوانەكردنی چەك هاوكاری دیكە پێشكەش بە ئۆكراینا دەكەن. ژمارەیەك لە وڵاتان گوللەتۆپ، سیستەمی بەرگریی كەناراوەكان، تانك و زرێپۆش بە ئۆكراینا دەبەخشن كە زۆر پێویستی بەو پێداویستییانە سەربازییانەیە".

وەزیری بەرگریی ئەمریكا سوپاسی دانماركی كرد بەهۆی ئەوەی مووشەكهاوێژ و مووشەكی هارپون كە بۆ پاراستنی كەناراوەكانی ئۆكراینا پێویستن بە سوپای ئۆكراینا دەدات، هەروەها سوپاسی كۆماری چیكی كرد كە بەڵێنی داوە تانك، مووشەك و هێلیكۆپتەر بدات بە ئۆكراینا.

ناوبراو تیشكیشی خستە سەر ئەوەی كە نەرویج، یۆنان، پۆڵەندا و ئیتاڵیا بەڵێنیان داوە سیستەمی نوێی تۆپهاوێژ و تەقەمەنی بدەن بە ئۆكراینا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن