ریال مەدرید و لیڤەرپووڵ كامیان جامی خەونەكان بەرزدەكەنەوە

وەرزش

28/05/2022     ژمارەی بینراو 377

راچڵەكین-

كاتژمێر 22:00 ی ئەمشەولەسەر یاریگەی ساتد دو فرانس لە پاریس یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و ریال مەدریدی ئیسپانی بەڕێوەدەچێت.

 یاری " تۆڵە سەندنەوەی" محەمەد سەڵاح و جۆش و خرۆشی كوڕانی كارلۆ ئەنچیلۆتی گەلێك نهێنی لەهەگبەكەیدا هەڵگرتووە.

هەرزوو یۆرگن كلۆپ-ی راهێنەری یانە ئینگلیزییەكە پاساویان بۆ لێدوانەكەی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەكەیان هێناوەو بەجۆرێك رەتیانكردەوە كە ئەو لێدوانە كەسییەو گوزارشت لەڕای گشتی لیڤەرپووڵ ناكات.

لەبەرامبەردا كوڕانی شاهانەی ئیسپانیا دەیانەوێت بە گرنگترین دەسكەوتی ئەوروپی كۆتایی بەم وەرزەی خۆیان بهێنن و بەدەستی قورسەوە بگەڕێنەوە مەدریدی پایتەخت.

 كەریم بنزیما- كە ئەستێرەی بەختی لەم وەرزەدا درەوشایەوە و ئاستێكی ناوازەی پێشكەشكردووە، لەبارەی یاریەكەی ریال مەدرید و لیڤەرپووڵ رایگەیاندووە:" كلیلی بردنەوە لە لیڤەرپوول چوونە نێو یاریگەیە بۆ بردنەوە، یاریی كۆتایی بەرامبەر یانەیەكی زۆر بەهێزە، بەڵام ئێمە متمانەمان بەخۆمان هەیە، چونكە ئێمەش بەهێزین.

ریال مەدرید خاوەنی 13 نازناوی چامپیۆنزلیگە و خۆی پاشا و گەورەی پاڵەوانێتییەكەیە، ئێستاش بەتەواوی بۆ یارییەكە ئامادەیە و هیچ یاریزانێكی پێكانی نییە.
 
لیڤەرپوول 6 جار خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای بردووەتەوە و دواینجار لە وەرزی 2018-2019 بوو، یانەكە دوای لەدەستدانی پرێمەرلیگ لە بەرژەوەندی مانچێستەر سیتی، نایەوێت نازناوی پاڵەوانێتییە گەورەكەی ئەوروپا لەدەستبدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن