موقتەدا سەدر دوایین پەیام ئاراستەی پەرلەمانتارانی رەوتەكەی دەكات

عێراق

15/06/2022     ژمارەی بینراو 304

راچڵەكین –

موقتەدا سەدر سەرجەم پەرلەمانتارانی رەوتەكەی لە حەنانە كۆدەكاتەوەو پێیان رادەگەیەنێت، بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عیراق بڕیاری كۆتاییەو بەهیچ شێوەیەك لێی پاشگەزنابنەوە.

ئەمڕۆ 15-6-2022، رابەری رەوتی سەدر، لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی رەوتەكەی لە بارەگای سەرەكیی خۆی لەحەنانە (نەجەف) كۆبووەوە.

بەگوێرەی میدیاكانی عیراق، سەدر لە كۆبوونەوەكەدا بە پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی رەوتەكەی وتووە، بڕیاری كشانەوە لە پەرلەمان و كۆی پرۆسەی سیاسیی، بڕیاری كۆتاییەو بەهیچ شێویەكیش لێی پاشگەز نابێتەوە.

رابەری رەوتی سەدر، سوپاسی گوێڕایەڵیی ئەندامانی فراكسیۆنەكەشی كردووە، كە هەموویان بەبێ هیچ كاردانەوەیەك، پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەكە نیشانداوەو دەستیان لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەكاتێكدا دێت، شەوی 12/13ی ئەم مانگە، تەواوی ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە ژمارەیان 73 ئەندامە، لەسەر داوایەكی پێشووی رێبەرەكەیان، دەستلەكاركێشانەوەیان رادەستی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كردو ئەویش سەرجەمیانی پەسەندكرد.

هاوكات، موقتەدا سەدر بڕیاریدا سەرجەم دامەزراوەكانی رەوتەكەی دابخات و تەنیا شەش دامەزراوە بهێڵێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن