سەدر دەرگا بەڕووی سەرجەم لایەنەكان دادەخات

عێراق

16/06/2022     ژمارەی بینراو 223

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر

راچڵەكین –

دوای بڕیاری كشانەوەی لە پەرلەمان و كۆی پرۆسەی سیاسیی لەعیراق، موقتەدا سەدر دەرگا بەڕووی سەرجەم ئەو لایەنە سیاسییانە دادەخات كە بەنیازن سەردانی بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پاشگەزبوونەوەی لە بڕیارەكەی.

میدیاكانی عیراق لەسەر زاری سەركردەیەكی رەوتی سەدر بڵاویانكردەوە، موقتەدا سەدر بڕیاری كۆتایی داوە كە لەم قۆناغەدا خۆی لەكایەی سیاسی بەدوور بگرێت و ئامادەش نییە لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی كۆببێتەوە.

ئەو سەركردەیەی رەوتی سەدر كە ئامادە نەبووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەكردووە، چەند كەسایەتییەك و لایەنی سیاسیی، لە پەیوەندیدان بۆئەوەی شاندێك بنێرنە لای رابەری رەوتی سەدرو لەگەڵیدا كۆببنەوە، بەڵام سەدر دەرگای بەڕوویاندا داخستووەو ئامادە نییە هیچ كەسایەتیی ولایەنێك ببینێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە، چەند لایەنێكی سیاسی، هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆئەوەی موقتەدا سەدر قایل بكەن لە بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی پاشگەزببێتەوەو پێیان وایە پرۆسەی سیاسی لەعیراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەبێ بەشداریكردنی رەوتی سەدر، سەركەوتوو نابێت و تەمەنی كورت دەبێت.

لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دوێنێ موقتەدا سەدر لەگەڵیان كۆبوووەو وێڕای ستایشكردنیان بەهۆی گوێڕایەڵییان و پابەندبوون بە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە، پێی راگەیاندن كە بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی، بڕیاری كۆتاییەو بەهیچ شێوەیەك لێی پاشگەزنابێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن