راچڵەكین –
لەشاری هەولێر 26 بەنزینخانە بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاریكردنی كوالیتییەكەی، لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانەوە داخران، بەمەش كۆی ئەو بەنزینخانانەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە لەو شارە سزادراون، ژمارەیان بۆ 76 بەنزیخانە بەرزبوەوە.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان و لەبەرامبەر دەستكاریكردنی كوالیتی بەنزین، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا (26) بەنزینخانەی تر لەهەولێر و دەوروبەری لەلایەن لیژنەی پشكنین و چاودێریكردنی بەنزینخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر سزادراون و ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەكانیان گیراوەتەبەر.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە تاكو ئەمڕۆ 16-6-2022 سزادراون، بۆ (76) بەنزینخانە بەرزبووەوە.
پارێزگای هەولێر، ناوی حەوت بەنزینخانەشی بڵاوكردەوە كە بەهۆی دووبارەكردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاریكردنی كوالیتیی سزادران، كە ئەمانەی خوارەوەن:
بەنزینخانەی (ئارمان) لەكەورگۆسك
بەنزینخانەی (رۆڤا) لەشەقامی 100م تەنیشت قوتابخانەی ئەحمەدی خانی
بەنزینخانەی (تەیراوە) لەجووت سایدی كۆنی بەحركە
بەنزینخانەی (هیوا/ تەیراوە) نزیك شیرنەمەنی عەشتار
بەنزینخانەی (مان) لەسەر شەقمی كۆڕنیش
بەنزینخانەی (سپلندەر) لەشەقامی حەدید و خەشەب
بەنزینخانەی (باران) لەسەر ڕێگای خەبات - هەولێر