لە عیراق ژمارەیەك حاڵەتی تووشبوون بە پەتای كۆلێرا تۆماركرا

عێراق

19/06/2022     ژمارەی بینراو 178

راچڵەكین –

پەتای كۆلێرا لەشارەكانی عیراق بڵاودەبێتەوەو وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، تائێستا 13حاڵەتی تووشبوون بەو پەتایە تۆماركراوە، كە زۆربەیان لەپارێزگای سلێمانی بووە.

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، تاقیگەی گشتیی ناوەندی سەر بە فەرمانگەی تەندروستیی گشتیی لە وەزارەتی تەندورستیی فیدراڵیی، 13 حاڵەتی تووشبوونی بە پەتای كۆلێرا تۆماركردووە، كە 10 حاڵەت لە سلێمانی، دوویان لە پارێزگای موسەننا و یەكێكی دیكەش لە كەركوك تۆماركران.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، دامەزراوە تەندروستییەكان ئامادەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتای كۆلێرا، ھەروەھا دەرمان، پێداویستی پزیشكی و تاقیگەیی پێویست بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی پەتاكە دابینكراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە كە پلانی نیشتمانی بۆ كۆنترۆڵكردنی پەتای كۆلێرا دانراوەو تیمەكانی سەر بە فەرمانگە تەندروستییەكانی عیراق بەھاوكاری لەگەڵ تیمەكانی سەر بە فەرمانگە تەندروستییەكان لە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان، بەداواداچوون بۆ حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتاكە دەكەن.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق چەند رێنماییەكی وەك خۆپارێزیی لە پەتاكە بڵاوكردووەتەوە، داوای لە هاووڵاتیان كردووە پێش نانخواردن و دوای نان خواردن و دوای هاتنەدەرەوە لە تەوالێت، دەستەكان بە باشی بشۆردرێن، ھەروەھا سەوزە و میوەكان بەر لە خواردنیان بە باشی بشۆردرێن.

ھەر لەچوارچێوەی رێنماییەكاندا، داواكراوە چێشت لە پلەیەكی زۆر گەرمدا بكوڵێندرێن و گرنگییش بە پاك و خاوێنی چێشتخانەو گەرماوەكان بدرێت، جگە لەوەش گرنگی زۆر بە ئاوی خواردنەوە بدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن