مێرووی شۆکە چییەو زیانەکانی چین؟

کشتوکاڵ

22/03/2020     ژمارەی بینراو 1860

شۆکە

ڕاچڵه‌كین-
یەکێکە لە دەردە کشتوکاڵییەکان کە تووشی زۆرێک لە سەوزەو ڕووەک و دارەکان دەبێت زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت ئەوەش لە ڕێگای مژینی ئاوگی گەڵاو وەچە تازەو ناسکەکان، چونکە جۆری دەمی لەجۆری کونکەری مژەرە هەربۆیەشە توانای گواستنەوەی زۆرێک لە نەخۆشییە فایرۆسی و بەکتریایی و کەڕووییەکانی هەیە.

ئەم مێرووە ساڵانە دوو نەوە (جیل)ـی هەیە جیلێک لەسەرەتای بەهاردا دەردەکەوێت ئەویتریشیان لە پایزدا، جیلەکانی سەرەتاو کۆتایی هەردوو وەرزەکە باڵدارن و توانای فڕینیان هەیە و سەدان نەوە دەخەنەوەو کە بێ باڵن.

لە کوردەواریدا ناونراوە شۆکە، یان شیرنە، لەبەرئەوەی ئەم مێرووە کاتێ دەچێتە لەسەر ڕووەک و سەوزەو دارەکان لەسەر گەڵا ناسک و چڵەتازەکان جێگیر دەبێت ئاوگی دارەکە دەمژێت و تەوای پێکهاتە خۆراکییەکانی ناو ئاوگەکە هەرس دەکات جگەلە (ماددەی سیلۆز) ماددە شەکریەکان نەبێت بۆیە بەشێوەی دەردراوو پاشەڕۆی شێوە شەکر یان شیلەیی دەری دەکاتەوەو لەسەر ڕووی گەڵاکان دەکەوێت و لە حاڵەتی زۆریشیدا دەکەوێتە سەر زەوی ژێر دارەکانیش، هەروەها دەرکەوتووە کە مێروویەکی پێگەیشتوو لەماوەی (۲٤)کاتژمێردا (٤٥) قەترە شیلە دەردەدات.

خانەخوێی مێرووەکە:
ئەو ڕووەک و دارو سەوزانەی زۆرتر تووشی ئەم ئافاتە دەبن:
چوالە، قۆخ، هەرمێ، بەهێ، هەڵوژە، هەنار، مزرەمەنییەکان، سێو، گوڵەباخ، ڕۆبینیا، گۆیژی زینە، خەیار، کولەکە، بامێ، پاقلە..

زیانەکانی مێرووەکە

1-گواستنەوەی زۆرێک لە نەخۆشییە فایرۆسی و بەکتریایی و کەڕووییەکان بەهۆی جۆرەی دەمەکەیەوە، وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد..

2- ئەو سلیلۆزو مادە شەکرییەی دەریدەدات و لەسەر ڕووی گەڵاکان کۆدەبێتەوەو توانای هەناسەدان وکرداری ڕۆشنە پێکهاتن کەمدەکاتەوە، بەمەش گەڵاکان زەرد دەبن و دەوەرن، دواتر ڕووەکەکە لاواز دەبێت بۆ دروستکردنی خۆراک.

3- هەر بەهۆی دەردراوە شیلەییەکەیەوە کەلەسەر گەڵاکان کۆدەبێتەوە وادەکات تۆزو خۆڵ لەسەر گەڵاکان کۆبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ناوەندێکی باش بۆ نەخۆشییە کەڕووییەکان و گەشەکردنیان.

4- بەهۆی ئەو دەردراوەوەیە وادەکات مێرولەیەی زۆر ڕاکێشێت بۆ سەر دارەکان و دروستبونی بێزاری لە ڕوەکەکانی ناوماڵدا.

5-شێوان و لولبوونی گەڵا تووشبووەکان.

6-  ڕاگرتنی کۆتایی گەشەی چڵ و لقە تازە دروستبووەکان.

7-بەهۆی ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێکرد، کاریگەری زۆرو ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چەندێتی وچۆنێتی بەرهەمەکان..

جۆرەکانی مێروویشۆکە:

جۆری زۆرە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی سێ جۆری زۆر بڵاوەو مێرووی شۆکەی ڕەش، سەوزو لۆکەیی .

ڕێگاکانی قەڵاچۆکردنی

1-ئەنجامدانی ڕشاندنی زستانە، یەکێکە لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی حشرەکەیە، چونکە لە سووڕی متبووندا لەسەر قەدو لەتوێکڵ و قڵیشی دارەکان و لەژێر گەڵا وەریوەکاندا خۆی حەشار دەدات.

2- لەناوبرنی بژارو گژوگیای ناو باخ و ژێر دارەکان، چونکە سەرچاوەی دروستبوونیەتی.

3- بەپرژاندی ئاو لە بەیانیان زوو یان ئێواراندا دەکرێ تا ڕادەیەکی باش کاریگەریەکەی کەمبکرێتەوە.

4- بۆ سەلامەتی لە باخچەی ناوماڵ و شوێنە گشتیەکان یان ئەو باخ و شوێنەی هەنگێ لێ بەخێو دەکرێت خاڵی دووەم و زیادەی گیراوەی کەمێک تایت لەگەڵ بیبەری توون، یان گیراوەی لە عصارەدراوی سیرو پیاز دوای چەن ڕۆژک یان زیاتر لەبەر خۆرادانان پاشا پاڵاوتەکە (ئاوەکە) بڕشێنرێت.

5- بەکارهنانی قڕکەری کیمیایی کە دەکرێت بەگوێرەی دارو بەرهەمە تووشبووەکان جۆری دەرمانەکە دیاری بکرێت بۆ سەلامەتی و دورکەوتنەوەی مەترسی دەرمانەکان لەسەر بەرهەمەکان.

دوژمنە زیندووەکانی ئەم مێرووە (اعدا الحیویه‌):

خاڵخاڵۆکە،  لە هەردوو سوڕی کرمۆکەیی و مێرووی تەواودا ئه‌م مێروه‌ دەخوات، بەجۆرێک خاڵخاڵۆکەیەکی پێگەیشتوو لەماوەی (۲٤) کاتژمێردا (٦۰ -۷۰) دانە دەخوات.
بۆیە لە وڵاتانی پێشکەوتوو خاڵخاڵوکە لە تاقیگەی تایبەتدا بەخێو دەکرێت و ژمارەیان زیاد دەکرێت بۆ لەناوبردنی مێرووەکە، بۆئەوەی کەمترین دەرمانی کیمیایی بەکار بهێنرێت.

تێبینی:-

ئێستادا کاتی دەرکەوتنیەتی بۆیە پێویستە قەڵاچۆ بکرێت، چونکە زیانی زۆر بە گوڵ و باخ و دارەکان دەگەیەنێت...
دەرمانی کیمیای زۆر هەیە بۆ لەناوبردنی، مێرویه‌كی ناسکەو ئاسان لەناودەبرێت، بەڵام دەبێت لە دەستنیشانکردنی دەرمانی لەناوبردنیدا ڕەچاوی جۆرو شوێنی دارو بەرهەمەکە بکرێت.



ئا: هێمن محمدامین
بەکالۆریۆس لە پاراستنی ڕووەک
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن