عیراق؛ بەرپرسێكی دیاری داعش كوژرا

ئابوری

20/06/2022     ژمارەی بینراو 293

راچڵەكین-

دەزگای ھەواڵگریی و لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، كوژرانی والی ئەنباری رێكخراوی داعش و سێ چەكداری دیكەی رێكخراوەكەی لە بیابانەكانی پارێزگاكەدا راگەیاند.

لەو راگەیەندراوەی كە لە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، ھێزەكانی سەربە دەزگای ھەواڵگریی و لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی بە ھەماھەنگیی لەگەڵ شانەی راگەیاندنی ئەمنیی و بە پشت بەستن بە زانیاریی ھەواڵگریی، ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی بۆ كردنە ئامانجی ئۆتۆمبێلێكی تیرۆریستان لە بیابانەكانی پارێزگای ئەنبار، ئەنجامدراوە.

بەپێی راگەیاندراوەكە، لە ئاكامی ئۆپەراسیۆنەكەدا، والی ئەنباری رێكخراوی داعش ناسراو بە ئەبو مەنسور و سێ تیرۆریستی دیكەی یاوەری كوژراون.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو تاوانبارە كوژراوە چەند پۆستێكی لەنێو رێكخراوی داعش ھەبووە و یەكێك بووە لەو كەسانەی كە لە رێگەی نێودەوڵەتیی روتبە ھاووڵاتییانی دەكردە ئامانج.

وێڕای ئەوەی عیراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش و كۆنترۆڵ كردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاكەی كە رێكخراوەكە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەكو ئێستا رێكخراوەكە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەكانی ناو بەناو كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاكانی كەركووك و سەڵاحەددین (باكوور) و پارێزگای دیالە (رۆژھەڵات)، كە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن