کەلار؛ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا چەند بڕیارێک دەرکران

کوردستان

22/06/2022     ژمارەی بینراو 174

راچڵەکین-

قائیمقامیەتی کەلار بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا چەند رێکارێک دەگرێتەبەر کە  قەدەغەکردنی بە کارهێنانی سەوزە و زەلاتە و ماستاو و دۆی کوردی لە چێشتخانە و لەفەخانە و خواردەمەنییەکان.

قائیمقامیەتی کەلار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەر ڕاسپاردەی ژووری ئۆپراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان ، بەیانی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی شەهاب حاجی احمد قایمقامی قەزای کەلار و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان و سەرۆکی تیمەکانی لیژنە هاوبەشەکان کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا:-

-- راسپاردنی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار بە مەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستیەکانی تایبەت بە رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە.

-- قەدەغەکردنی بە کارهێنانی سەوزە و زەلاتە و ماستاو و دۆی کوردی لە چێشتخانە و لەفەخانە و خواردەمەنییەکان.

--- قەدەغەکردنی بە کارهێنانی سەوزە و زەلاتە و ماستاوی کوردی لە چێشتخانە و خواردەمەنییەکان.

-- بە مەبەستی پاراستنی لە تیشکی خۆر و گەرمیان کۆگاکانی دابەشکردنی ئاو پێویستە لە کاتژمێر (٧)ی ئێوارە بۆ (٧)ی بەیانی ئاو دابەش بکەن ، یان بە ئۆتۆمۆبیلی (بەڕاد) لە رۆژدا ئاو دابەش بکەن.

-- چاودێریکردنی تانکی ئاوی چێشتخانە و لەفەخانە و خواردەمەنییەکان پێویستە خاوێن بکرێتەوە.

-- قەدەغەکردنی فرۆشتنی بەرهەمەکانی شیرمەنی لە سەر عەرەبانە و بەر تیشکی خۆر.

--قەدەغەکردنی بەڕادی  ئاوی خواردنەوەی گشتی لە مزگەوت و ناوبازاڕ و شوێنە گشتییەکان.

-- دابینکردنی کلۆر بۆ ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیان لە ناحیەکان و گوندەکان ، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان.

--قەدەغەکردنی پیاڵەی شوشە لە چایخانە و چێشتخانە و لەفەخانە و خواردەمەنییەکان ، بەکارھێنانی کڵاسی سەفەری.

-- چاودێریکردنی ئاوی مەلەوانەگەکان و ئەنجامدانی پشکنین بۆیان بە بەردەوامی 
.
--ئاگادارکردنەوەی خاوەن کێڵگەکانی سەوزە ، کە پێویستە کێڵگەکانیان سیاج بکەن بۆ ئەو مەبەستە ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

-- بڵاوکردنەوەی رێنمایی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆلێرا لایەن مامۆستایانی ئاینی لە مزگەوتەکان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن