پێشمەرگە و سوپای عیراق تاوتوێی هەماهەنگیی لە ناوچەكانی بۆشایی ئەمنی نێوانیان دەكەن

کوردستان

22/06/2022     ژمارەی بینراو 114

راچڵەكین-

سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەی ١٤ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، تاوتوێی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان كرد لە ناوچەكانی بۆشایی ئەمنی.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی كە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاوكراوەتەوە، فەریق روكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازیی لە لیوا روكن عەبدوڵڵا رەمەزان جبوری فەرماندەی فیرقەی ١٤ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا و شاندێكی یاوەری كردووە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزباییان لە فەریق روكن عیسا عوزێر كردووە بەبۆنەی وەرگرتن و دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی نوێی سەرۆكایەتی دەستەی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەر لە دیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق كراوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە بۆشایی ئەمنی هەیە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا.

سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەسەر بەردەوامییدان بە هاوكاری و هەماهەنگی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كردووەتەوە، هاوكات دووپاتیشی كردووەتەوە بۆ بەرقەراركردنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە، پێویستییان بە كاری هاوبەش و هەمەلایەنە هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن