بڕیارێكی راكان جبوری دژ بە كوردانی كەركوك هەڵوەشێندرایەوە

کوردستان

04/07/2022     ژمارەی بینراو 189

راچڵەكین-

بڕیارێكی راكان جبوری، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، دژ بەكوردانی ئەو شارە كە تیایدا ئاماژە بەلێسەندنەوەی فۆڕمی خۆراك لەو خێزانانە كراوە كە نیشتەجێی شارەكەنین، هەڵوەشێندرایەوە.

بەگوێرەی نووسراوێك، راكان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك، داوای لە هێزە ئەمنییەكان و فەرمانگە حكومییەكانی كەركووك كردووە، ئەو كەسانەی خەڵكی كەركووكن و لە دەرەوەی شارەكە نیشتەجێن پشتگیری نیشتەجێبوون و فۆڕمی خۆراكیان لێوەربگیرێتەوە.

لەبەرامبەردا، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق نوسیوویەتی:" دوای ئەوەی نوسراوێكی پارێزگاری  كەركوك بەوەكالەت گەیشتە دەستمان بۆ بێبەشكردنی ئەو خیزانە كوردانەی خانوەكانیان تاپۆ نییە لەفۆرمی خۆراك و كارتی نیشتەجێبوون، راستەوخۆ  دەستوەردانمان كردو كردو ئەو نوسراوە هەلوەشایەوەو  بەهیچ شیوەیەك كاری پێ ناكریت."

فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم  رایگەیاند، بەدرێژایی مێژوو خەڵک لە کەرکوک ژیاوە بڕیارەکەی راکان جبوری ھەموو بنەماکانی ژیانی کۆمەڵایەتی تێکدەدات.

وتیشی:" بەھەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە، پێویستە لەسەر ئاستی شەقام و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش کاری لەسەر بکرێت بۆئەوەی چیتر کەس زاتی ئەوە نەکات شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پێکەوە ژیان تێکبدات." 

فەھمی بورھان راشیگەیاند:" وەک حکومەت دژی ئەو بڕیارەن و دەبێت پارێزگاری کەرکوک داوای لێبوردن لە ھەموو پێکھاتەکانی ئەو شارە بکات." وەك كوردسات نیوز بڵاویكردووەتەوە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن