پەرلەمانتارێک: نوری مالیکی کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق

عێراق

04/07/2022     ژمارەی بینراو 262

راچڵەکین-

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، دەڵێت، نوری مالیکی، سەرکردەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وەک کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عیراق دەستنیشانکراوە.

محەمەد سەیھود، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوو کە لە ماڵی نوری مالیکی لە بەغدا بەڕێوەچوو، نوری مالیکی، سەرکردەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وەک کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عیراق دەست نیشان کراوە.

وتیشی:"بەپێی ئەو پێوەرانەی کە چوارچێوەی ھەماھەنگیی دیاری کردوون، نوری مالیکی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عیراق دەستنیشان کراوە".

هەروەها، نوری مالکی، سەرکردەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە تویتێکدا نووسیوویەتی "پێویستە حکوومەتی داھاتووی عیراق، حکوومەتێکی خزمەتگوزار بێت بۆ ھەموو عیراقییەکان، ھەروەھا نابێت ھیچ لایەنێک دوور بخاتەوە یان پەراوێز بخات کە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا کردووە یان بەشداری نەکردووە دوای ھەڵبژاردن لە سیاسەتدا ماوەتەوە یان کشاوەتەوە".

نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا تێپەڕبووە، بەڵام بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە، تا ئێستا نەتوانراوە حکوومەتی نوێی عیراق پێکبھێندرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن