بۆچی ئەمڕۆ لە خوێندنگایەکی هەولێر دابەشکردنی پرسیاری پۆلی ١٢ دواکەت

کوردستان

04/07/2022     ژمارەی بینراو 226

راچڵەکین-

پەروەردەی ناوەندی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی تاقیکردنەوەی بیرکاریدا بەهۆی هەڵەی تەکنیکی، حەوت قوتابی پرسیاریان بۆ چاپنەکرابوو بەهۆیەوە دابەشکردنی پرسیارەکان درەنگ کەوت.

پەروەردەی  ناوەندی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:" بە پێویستی دەزانین ئەوە روونبکەینەوە کە لە لیژنەی باڵای ئەزموونەکان  ٧ قوتابی پرسیاریان بۆ چاپ نەکرابوو لەئەنجامی هەڵەی تەکنیکی، هەموو پرسیارێک لەزگە و تیپی تایبەتی پێوەیە، پاش ئەوەی سەرپەرشتیاری ئەو هۆڵە ئاگاداری کردینەوە ئێمە رێنمایی ئەو حاڵەتانەمان لەلایە کە لیژنەی باڵای ئەزموونەکان پێیان وتوین چۆن کاربکەین لەو حاڵەتانە، ڕەزامەندیمان داوە بەوەی کە لەو هۆڵە ١٨ قوتابی نەهاتوو هەبووە بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە پرسیاری قوتابییەکی نەهاتووی پێبدرێت و ناوی تۆمار بکرێت و پاش تاقیکردنەوەکان بنێردرێت بۆ لیژنەی لقی ئەزموونەکانی پەروەردە.

پەروەردەی ناوەندی هەولێر ئاماژەبەوەشدەکات:"ئەو حاڵەتە میکانیزمی چارەسەری هەیە و لیژنەی باڵای ئەزموونەکان پێشتر هەموو وردەکارییەکیان بۆ ناردووین و ئێمەش ئاگاداری لیژنەی بالامان کردووەتەوە لە حاڵەتەکە". 

پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەشڵێت:" داواکارین لە خوێندکاران لەحاڵەتی لەم جۆرە پەلە نەکەن چونکە بابەتەکە رێنمایی هەیە بە ڕەزامەندی بەڕێوەبەری پەروەردە چارەسەر دەبێت و کاتی تەواوی خۆشی پێدەدرێت".

ئەو روونکردنەوەیە لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە خوێندکارێک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و باس لە درەنگ گەیشتنی پرسیار دەکات لە تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی بابەتی  بیرکاری  لە هۆلی قوتابخانەی ( گەردوون ). 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن