راچڵەکین-
کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمهریکا تووشی کۆرۆنا بووە و لە نێو کۆشکەکەیدا خۆی کەرەنتین کردووە.
کارین ژان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگهیاند: ''بایدن بە سووکی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، هەرچەندە بایدن پێکوتەی دژە کۆرۆنای بهكارهێناوه، هەروەها دووجار دەرزی بەهێزکردنی بەرگریشی وەرگرتووە، و نیشانەکانی نەخۆشییەکەی زۆر بە کەمی پێوە دیارە و لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بەردەوام دەبێت".
راشیگەیاند: "بە گوێرەی رێنماییەکانی (ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگری کردن لە نەخۆشییەکان) بایدن لە نێو کۆشکی سپی خۆی کەرەنتینە کردووە، ئەرکەکانی خۆی بە تەواوەتی رادەپەرێنێ و بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ستافەکەیدا کردووە، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی و لە رێگای زوومەوە بەشداری لە کۆبونەوەکاندا دەکات، هەر كاتێكیش لە پشکنینەکاندا دەرکەوت ڤایرۆسەکەی نەماوە، ئەو کات بۆ شوێنی کارەکەی دەگەرێتەوە".
بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوەتەوە و دەڵێت:''خەڵکینە، من باشم و سوپاس بۆ پەرۆشیتان".
بایدن تهمهنی 79 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.