رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنی دانەوێڵەی ئۆكراینا واژۆكرا

جیهان

22/07/2022     ژمارەی بینراو 157

راچڵەكین –

دوای هەوڵێكی زۆری نەتەوەیەكگرتووەكان، توانرا رێككەوتنی هەناردەكردنی دانەوێڵەی ئۆكراینا بۆ جیهان، لەنێوان رووسیاو ئۆكرایناو نەتەوەیەكگرتووەكان و توركیا واژۆبكرێت.

ئەمڕۆ هەینی، لەشاری ئیستەنبوڵ لە توركیا، رێككەوتنی تایبەت بە هەناردەكردنی دانەوێڵەو خۆراك و پەینی ئۆكراینا بۆ وڵاتانی جیهان واژۆكرا.

بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە، كە لەنێوان رووسیاو ئۆكرایناو نەتەوەیەكگرتووەكان و توركیا واژۆكراوە، دانەوێڵەو بەرهەمە خۆراییەكانی ئۆكراینا لە بەندەری ئۆدێساو دوو بەندەری دیكەی سەر دەریای رەش هەناردە دەكرێت.

لەدوای واژۆكردنی رێككەوتنەكە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند: ئەمڕۆ، تروسكاییەكی ئومێد لە دەریای رەشدا دەبینرێت كە جیهان لە هەموو كات زیاتر پێویستی پێیەتی.

سەبارەت بە میكانیزمی هەناردەكردنی بەرهەمەكانی ئۆكرایناش، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، كە ئامادەی رێورەسمەكە بوو، رایگەیاند: ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش كە لە ئیستەنبوڵ دادەمەزرێت، ئەركی جێبەجێكردنی پلانەكە دەگرێتە ئەستۆ.

لەدوای دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكانی رووسیا بۆسەر ئۆكرایناو كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی باشووری ئۆكراینا لەلایەن هێزەكانی رووسیاوە، پرۆسەی هەناردەكردنی دانەوێڵەو بەرهەمە خۆراكییەكانی ئۆكراینا بۆ وڵاتانی جیهان وەستا، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گەنم و خۆراك لەسەر ئاستی جیهان، هەرچەندە ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا، رووسیایان بە هۆكاری رێگری لە هەناردەی بەرهەمەكانی ئۆكراینا تۆمەتبار دەكرد، بەڵام مۆسكۆ جەختی لەوە دەكردەوە كە ئەوان ئامادەن ئاسانكاری بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكان بكەن، بەڵام ئۆكراینا دەروازە ئاوییەكانی مینڕێژكردووەو بەو هۆیەشەوە كەشتییەكان ناتوانن لە بەندەرەكانی باشووری ئەو وڵاتەوە گەشت بكەن و كەلوپەل بگوازنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن